رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەی سیستمی ئەلیکترۆنیی فەرمانگەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر جێبەجێکرا. هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێ، ئەم سیستمە ئەلیکترۆنییە دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی رۆتین و خێرا جێبەجێکردنی مامەڵەکان.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا جێبەجێکردنی پرۆژەی سیستمی ئەلیکترۆنیی فەرمانگەکانی راگەیاند و گوتی، "ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنین کە پرۆژەی سیستمی ئەلیکترۆنی لە فەرمانگەکانی حکومەت لە سنووری ئیدارەی سۆران چووە واری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین لە دامەزراوەکانی حکومەت".
لەبارەی قۆناخەکانی جێبەجێکردنی سیستمەکە هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێ، "ئێمە سەرەتا سیستمی ئەلیکترۆنیی کارکردنی فەرمانگەکانمان لە نەخۆشخانەکان جێبەجێ کرد، بە سەرکەوتوویی کارەکان جێبەجێ کران و ئاسانکاری بۆ کاری هاووڵاتییان و فەرمانبەران دروستکرد، جگە لەوەش دادپەروەری لە جێبەجێکردنی مامەڵەکان کرد. بە هاوئاهەنگیی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکان و قایمقامییەتەکانمان بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە بەستەوە".
لەبارەی سوودەکانی جێبەجێکردنی مامەڵەی هاونیشتمانییان بە ئەلیکترۆنی، هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێ، "هەبوونی ئەم سیستمە زۆر کاریگەری لەسەر کارکردن هەبووە و رۆتین کەمکراوەتەوە و مامەڵەی هاونیشتمانییان لە کەمتر لە یەک کاژێردا ئاراستەی فەرمانگە و بەشە جیاوازەکان دەکرێت، خێراتر پەیوەندییەکان وەڵام دەدرێنەوە و داواکاریی ناوچە دوورەدەستەکان جێبەجێ دەکرێت".
سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە شەش قایمقامییەت پێکهاتووە. هەندێک مامەڵە پێویستی بە هاتووچۆکردنی هاونیشتمانییان هەبووە، بەڵام لە چوارچێوەی سیستمی ئەلیکترۆنیی راییکردنی مامەڵەکان گۆڕانکاری بەسەر کارکردندا هاتووە. هەڵگورد شێخ نەجیب لەوبارەیەوە دەڵێ، "ئێستا ئەو مامەڵانەی لە قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە ئاراستەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێن، لە ماوەی 30 چرکەدا دەگەنە شوێنی خۆیان و تاوەکو هاونیشتمانییان دەگەنە فەرمانگەکان کارەکانیان تەواو کراوە. جگە لەوەش، سیستمی ئەلیکترۆنی وایکردووە هەڵەکردن لە مامەڵەکاندا نەمێنێت و کار بە ویستی تایبەتی نەکرێت و هەموو کارەکان بە سیستم جێبەجێ بکرێن. خاڵێکی دیکەی بەهێزی سیستمەکە ئەوەیە مامەڵەکان دەپارێزرێن و وەک پێشتر نییە کە هاونیشتمانییان بە هۆکاری جیاواز مامەڵەکانیان ونکردووە، ئێستا گەرەنتی دەدرێتە هاونیشتمانییان کە مامەڵەکانیان پارێزراوە".
یەکێکی دیکە لە بەکارهێنانەکانی سیستمەکە بۆ رێکخستنی دابەشکردنی سووتەمەنییە، هەڵگورد شێخ نەجیب دەڵێ، "ئەم سیستمە بۆ پرسی سووتەمەنی بەکارهێنراوە. ئەو بەنزینەی حکومەت پاڵپشتی دەکات بۆ سنوورەکەمان دەنێردرێت بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی چاودێریی دابەشکردنی دەکرێت، تەنانەت بەم سیستمە کارت بۆ تەکسی و پاسەکانی سنوورەکە دروستکراوە بۆ ئەوەی نۆرە نەگرن و بەنزینیان بە نرخێکی هەرزان دەست بکەوێت، بەمەش رێگری کرا لە بەرزبوونەوەی نرخی کرێی گواستنەوەی هاونیشتمانییان. لە داهاتوودا پلانمان هەیە سیستمەکە فراوانتر بکرێت، لەسەر ئاستی حکومەتیش سیستمی پاسپۆرت و مامەڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ کراون بە دیجیتاڵی".
