رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای ئامێدی رایدەگەیێنێت، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، زیاتر لە 415 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی 367 پڕۆژە لە سێکتەرە جیاوازەکانی سنووری قەزاکە تەرخان کراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی ئارامبوونی رەوشی ناوچەکەوە، دانیشتووانی نزیکەی 40 گوند گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
وارشین سەلمان مایی، لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو گوتی: "دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت بۆ قەزای ئامێدی، رەزامەندی لەسەر چەندین پڕۆژەی ستراتیژی درا؛ لەوانە نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شۆڕش کە خرایە خزمەتی هاووڵاتییانەوە، هەروەها زیاتر لە 367 پڕۆژە لە کەرتەکانی شارەوانی، کارەبا، ئاو، قوتابخانە و گەشتوگوزار جێبەجێ کراون."
زیاتر لە 85%ـی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەواو بوون
بەگوێرەی قسەکانی قایمقامی ئامێدی، زیاتر لە 85%ـی ئەو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی حکومەت تەرخان کرابوون تەواو بوون و کارکردن لەسەر ئەو رێژەیەی ماویشیان قۆناخ بە قۆناخ بەردەوامە. مایی گوتیشی: "تێکڕای ئەو بودجەیەی بۆ نۆژەنکردنەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان تەرخان کراوە، زیاتر لە 415 ملیار دینار بووە."
زیادکردنی ژێرخانی گەشتیاری
لەبارەی کەرتی گەشتوگوزار و وەبەرهێنانەوە، وارشین سەلمان ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 56 شوێنی گەشتیاریی مۆڵەتدراو لە سنووری ئامێدیدا هەن و ساڵانە زیاتر لە 700,000 گەشتیار سەردانی ناوچەکە دەکەن. ئەو روونی کردەوە چەندین پڕۆژەی کەرتی تایبەت و حکومی لە قۆناخی کۆتاییدان، وەک هۆتێلی 5 ئەستێرەیی بەری، هۆتێلی سۆلاڤ و پڕۆژەی گەشتیاریی رووباری شین؛ ئامانجیان ئەوەیە لە دوو ساڵی داهاتوودا بگەنە هەزار تەختی نووستن تاوەکو بگەنە لووتکەی خزمەتگوزارییەکان.
گەڕانەوەی خەڵک بۆ 40 گوند
سەبارەت بە کاریگەریی ئاڵۆزییە سنوورییەکان و پڕۆسەی چارەسەری، قایمقامی ئامێدی گوتی: "شەڕی بێ پاساو ببووە هۆی نائارامی، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئارامی وای کردووە تاوەکو ئێستا دانیشتووانی نزیکەی 40 گوند بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و زەوییەکانی خۆیان، بەتایبەت لە ناحیەکانی کانی ماسێ و بامەڕنێ."
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا
وارشین سەلمان روونی کردەوە، شارەوانیی قەزاکە سەرقاڵی ئامادەکردنی زەوییە بۆ فەرمانبەران و گوتی: "گرفتێکی سەرەکیی یاسایی هەبوو چونکە ناوچەکە بێ 'تەسویە' بوو، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکی حکومەت ئەو کێشەیە چارەسەر کرا؛ لە چەند مانگی داهاتوودا زەویی پێویست دەکەوێتە بەردەستی شارەوانییەکان بۆ دابەشکردن و چیدیکە ئەو ئاستەنگە یاساییە نامێنێت."



