رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی کرێچییان لە کۆمەڵگەی شاوێسی سەر بە پارێزگای هەولێر داوای گەیاندنی خزمەتگوزاریی شۆستە و قیرتاوکردن بۆ گەڕەکەکەیان دەکەن. سەرۆکی شارەوانیش رایدەگەیێنێت، دەرخستەی پڕۆژەکە ئامادەیە و تێچووەکەی نزیکەی 175 ملیۆن دینارە، بەڵام بڕیاردان لەسەر جێبەجێکردنی وەستاوەتە سەر تەرخانکردنی بودجە.
عەزیز عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی کرێچییان لە شاوێس، لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە داواکاریی گەڕەکەکەیانی گەیاند و گوتی: "لە ساڵی 2011ـەوە رێگەپێدانی خانوو بۆ زەوییەکانی ئەم گەڕەکە کراوە. زیاتر لە 500 ماڵی تێدا نیشتەجێیە و لە هەشت کۆڵانی سەرەکی و چەند کۆڵانێکی کورت پێکهاتووە. خزمەتگوزارییەکانی دیکەمان بۆ کراوە، بەڵام تەنیا شۆستە و قیرتاوکردنی شەقامەکان ماون."
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام سەردانی شارەوانی دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان، بەڵام وەڵامی شارەوانی ئەوە بووە کە لەبەر نەبوونی بودجە پڕۆژەکە جێبەجێ نەکراوە.
زەندی جەبار، سەرۆکی شارەوانیی شاوێس، روونکردنەوەی لەبارەی کێشەی ئەو گەڕەکە دا و بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئێمە نووسراوی فەرمیمان بۆ پارێزگا کردووە و دەرخستەی تەواویش بۆ پڕۆژەکە ئامادەکراوە، بەڵام قەیرانی دارایی و کێشەی بودجە کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی دروستکردووە."
سەرۆکی شارەوانیی شاوێس ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی قیرتاوکردنی گەڕەکی کرێچییان خراوەتە ناو بەرنامەی کاری شارەوانی و گوتی: "تێچووی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە نزیکەی 175 ملیۆن دینارە، پڕۆژەکە بە تەواوی ئامادەیە و تەنیا چاوەڕێی تەرخانکردنی بودجەی پێویستین بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە."



