رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە مانگێک لە کێشەی کەمیی ئاو لە نزیکەی نیوەی گەڕەکەکانی سلێمانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاو دەڵێ، پەمپە تێکچووەکان گۆڕدراون و بەردانەوەی ئاوی ئاسایی دەبێتەوە.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو گەڕەکانەی بەهۆی شکانی سێ پەمپەوە بێ ئاو بوبوون نزیکەی 50%ی شارەکە بوون، کێشەکەیان چارەسەر کراو و پەمپی نوێ بۆ پڕۆژەکە دانرا".
پەمپی هێڵی دووی ئاوی سلێمانی – دووکان بوون. 23ـی تەممووز پەمپی نوێ بۆ پڕۆژەکە دابینکرا و کارکردن بۆ جێگیرکردنیان دەستیپێکرد.
لەبارەی کاتی گەیشتنەوەی ئاو بەو گەڕەکانەی لەسەر هێڵەکە بوون، گوتەبێژی ئاوی سلێمانی گوتی: "ئاو بەردراوەتەوە بۆ بەشێکی گەڕەکەکان، بەڵام گەیشتنی ئاو بە هەموو گەڕەکەکان و ماڵان نزیکەی سێ رۆژ کاتی دەوێت".
کێشەکە لە سەرەتای تەمموزی ئەم ساڵەوە لە سلێمانی سەریهەڵدا و بەهۆیەوە ئەو گەڕەکانەی لەسەر هێڵەکە بوون نزیکەی هەفتەی یەک جار ئاویان بۆ بەردەدرایەوە.
ئامانج جەلال گوتی: "لەگەڵ ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە، بەردانەوەی ئاو لە کاتی ئاساییدا دەبێتەوە سێ رۆژ جارێک".
لە سلێمانی زیاتر لە 190 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، سەرچاوەی زۆرینەیان ئاوی پڕۆژەی سەرچنار و ئاوی هێڵەکانی یەک و دووی دووکان - سلێمانییە.



