رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان رایدەگەیێنێت، لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا مۆڵەتی فەرمییان بە 12 پڕۆژەی پیشەسازی داوە و ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندان. بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی ناوچەکەش دەڵێت، "پڕۆژە پیشەسازییەکان دەبنە جێگرەوەی کەرتی نیشتەجێبوون."
هونەر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، رەزامەندیی کۆتایی بۆ 12 پڕۆژەی پیشەسازی گەڕاوەتەوە و مۆڵەتیان وەرگرتووە، ئێستاش کارکردن لەو پڕۆژانەدا دەستیپێکردووە."
سەبارەت بە پڕۆژەکانی داهاتوو، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا نزیکەی 30 مۆڵەتی دیکەی پیشەسازی لە رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکاندا بۆ وەرگرتنی رەزامەندی و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەتەکانیان یەکلایی ببێتەوە.
هونەر مەحموود جەختی لەوە کردەوە کە ستراتیژی ئەوان برەودانە بە کەرتی پیشەسازی لە ناوچەکەدا، چونکە بە گوتەی ئەو، "ئەم کەرتە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی گەرمیان و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان، هەر بۆیە پاڵپشتیی تەواوی ئەو وەبەرهێنەرانە دەکەین کە لەم بوارەدا کار دەکەن."
ئەم وەرچەرخانەی وەبەرهێنان لە گەرمیان بەرەو کەرتی پیشەسازی لە کاتێکدایە، کە پێشتر زۆربەی پڕۆژەکان لە کەرتی نیشتەجێبووندا بوون، بە شێوەیەک تاوەکو ئێستا زیاتر لە 35 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە سنوورەکەدا مۆڵەتیان پێدراوە یان کارکردن تێیاندا بەردەوامە.
.jpeg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
