رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامە و باری شارستانیی گەرمیان رایدەگەیێنێت، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دا "ناوەندی تۆمارکردن" لە کەلار دەکرێتەوە؛ بەوەش هەموو هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی عێراق، کە لە کەلار نیشتەجێن، دەتوانن لەو ناوەندەدا کارتی نیشتمانی دەربکەن.
هێمن مەحموود، بەڕێوەبەری ناسنامەی باری شارستانیی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی ناوەندی تۆمارکردن بەردەوامن و کارەکانی لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگی دیکەدا تەواو دەبن، هەموو پێداویستییەکانی نێو بیناکەش دابین کراون."
بە کردنەوەی ئەم ناوەندە، ئەو هاونیشتمانییانەی ناسنامەی باری شارستانیان لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقە و دانیشتووی سنوورەکەن، دەتوانن هەموو مامەڵەکانی پەیوەست بە باری شارستانی و دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە شاری کەلار بکەن و چیدی پێویست ناکات بۆ ئەو مەبەستە بگەڕێنەوە بۆ شوێنی رەسەنی خۆیان.
بەڕێوەبەری ناسنامەی باری شارستانیی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە کارئاسانییەکی زۆر بۆ خەڵکی گەرمیان بەتایبەتی دەکات و گوتی: "ئەوانەی دانیشتووی ناوچەکانی مادەی 140ـن، دەتوانن بێ ئەوەی بچنە خانەقین، هەر لە کەلار مامەڵەکانیان جێبەجێ بکەن."
ئەم بڕیارە وەک بەشێک لە پلانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ئاسانکاری لە راییکردنی مامەڵەی هاونیشتمانییان دێت، کە چیدی نیشتەجێبوونی هاووڵاتی لە پارێزگایەک نابێتە رێگر لەوەی لە پارێزگایەکی دیکە کارتی نیشتمانی دەربکات یان نوێی بکاتەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
