رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان کە کێشەی کەمیی سووتەمەنی لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەر دەبێت و رای دەگەیێنێت، لەمەودوا شەوانە لیستی دابەشکردنی بەنزین بڵاو دەکرێتەوە.
دووشەممە 10-8-2026 بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر لە ئاگادارییەکدا بۆ هاونیشتمانییان ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو شەوێک دوای کاتژمێر 12:00ـی شەو، لیستی دابەشکردنی بەنزین لە پەیجی فەرمیی خۆیان بڵاو دەکەنەوە بۆ ئەوەی شۆفێران لە شوێنی دابەشکردنەکە ئاگادار بن.
سەبارەت بە دۆخی سووتەمەنی، بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی دەدات کە "کێشەی کەمیی بەنزین لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەر دەکرێت و دابینکردنی بەشە بەنزینی هاونیشتمانییان بە شێوەیەکی ئاسایی دەگەڕێتەوە."

هەر لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، هەوڵەکان بۆ زیادکردنی پشکی پارێزگای هەولێر بەردەوامن بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت، بەتایبەتی بۆ شۆفێرانی تەکسی کە بڕی پێویستی بەنزینیان بۆ دابین بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر جەختی کردووەتەوە کە "هەرچی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ ئەوەی ئەو سووتەمەنییەی بە دەستیان دەگات، بە شێوەیەکی رێکوپێک و دادپەروەرانە دابەش بکرێت."
لە کۆتایی ئاگادارییەکەدا، داوا لە شۆفێران و هاونیشتمانییان کراوە لە کاتی سەرەگرتن لە وێستگەکاندا "ئارام و هێمن بن" تاوەکو ئەم دۆخە تێدەپەڕێت، ئاماژە بەوەش کراوە کە نیشانەکان بەرەو باشبوونن و کێشەکان بەرەو چارەسەر دەچن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ لە مەیدانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە کۆ بە هەزار و 525 دینار فرۆشراوە، موحەسەن لیتری بە دوو هەزار دینار و سوپەر بە دوو هەزار و 200 دینار.
بەگوێرەی نرخی ئەمڕۆ، لیترێک بەنزین نۆرماڵ لە بەنزینخانەکانی هەولێر، هەزار و 575 بۆ هەزار و 600 دینار دەبێت. موحەسەن دوو هەزار و 100 دینار بۆ دوو هەزار و 250 دینارە و سوپەر بە نزیکەی دوو هەزار و 500 دینار دەفرۆشرێت.
لە دهۆک هاوشێوەی هەولێر، نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە نزیکەی هەزار و 600 دینارە. موحەسەن دوو هەزار و 250 دینار و سوپەر بە دوو هەزار و 500 دینارە.
جگە لە بەنزینی بازرگانی، بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت لە هەرێمی کوردستان لیتری بە 750 دینار دابەش دەکرێ، بەڵام بۆ وەرگرتنی نۆرەیەکی چەند کاژێری پێویستە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ لە 22 بەنزینخانەی شارەکە و دەوروبەری بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکرێ، بەڵام دەبێت شۆفێران کارتی ئەلیکترۆنییان پێبێت و ئەم مانگە یەک جار زیاتر بەنزینیان وەرنەگرتبێت.
نرخی بەنزین لە سلێمانی و هەڵەبجە
ئەمڕۆ کەمترین نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان لە سلێمانییە پاشان هەڵەبجە.
بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی، ئەمڕۆ 10ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لای ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ نرخ جێگیرە و لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان بە هەزار و 200 دینارە".
لەبارەی جۆرەکانی دیکەوە، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی گوتی: "لیترێک موحەسەن لە بەنزینخانەکان بە هەزار و 750 دینارە و سوپەر بە هەزار و 900 دینارە".
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە هەڵەبجە و دەوروبەری بە هەزار و 350 دینارە؛ هەروەها لیترێک بەنزینی موحەسەن بە هەزار و 700 دینارە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
