رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی 73 تۆمەتبار لەسەر ساختەکاری و فێڵکردن دەستگیرکراون. دەزگای ئاسایش دەستی بەسەر سەدان هەزار دۆلار و ملیۆنان دیناری ساختەدا گرتووە. چەند تۆمەتبارێکیش لە رێگەی "رووداو"ـەوە چیرۆکی خەڵەتاندنی هاونیشتمانییان لە رێگەی ڤیزای شنگن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاشکرا دەکەن.
کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند: "لەمساڵدا 73 تۆمەتبار لەسەر ساختەکاری دەستگیرکراون. لەگەڵ دەستگیرکردنیاندا، دەستگیراوە بەسەر 366 هەزار دۆلاری ئەمریکی و 67 ملیۆن دیناری عێراقیی ساختەدا."
پارە ساختەکان چییان لێدەکرێت؟
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو دراوە ساختانەی دەستیان بەسەردا دەگیرێت، گوتەبێژی ئاسایش ئاماژەی بەوە کرد کە دادگا بڕیاری لەنێوبردنیان دەدات، بەڵام گوتیشی: "بەشێک لە دراوە ساختەکان بۆ فێرکاریی ناسینەوەی پارەی ساختە بەکاردەهێنین و لە راهێنانی تیمەکانمان و دەزگا جیاوازەکاندا سوودی لێوەردەگیرێت."
ئاسایشی سلێمانی هۆشداریش دەداتە ئەو کەسانەی لە دەرەوەی پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل مامەڵە دەکەن، چونکە بەشێکی زۆری ئەو کەسانە بەهۆی نەبوونی گرێبەستی فەرمییەوە، دەبنە قوربانیی دراوی ساختە و فێڵکردن.
فێڵ بەناوی "ڤیزای شنگن" و خانووی بێتاپۆ
یەکێک لە دەستگیرکراوەکان چیرۆکی خەڵەتاندنی خەڵک بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت، لەرێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ وەرگرتنی ڤیزای وڵاتانی ئەورووپا کردووە و تەنانەت ریکلامیان بە کەسانی ناسراویش کردووە.
ئەو تۆمەتبارە دەڵێت: "بۆ وەرگرتنی ڤیزایەک 49 هەزار دۆلارمان لە کەسێک وەرگرت. هەروەها خانوویەکی بێتاپۆمان بە گرێبەستێکی نایاسایی لە دەرەوەی نووسینگەکان فرۆشت." ئەو گەنجە کە ئێستا لەپشت شیشەکانی زیندانەوەیە، دەڵێت "پەشیمانم."
سناپچات؛ نۆ ئەکاونت بۆ خەڵەتاندنی 100 کچ
بەشێکی دیکەی ساختەکارییەکان لەنێو جیهانی دیجیتاڵیدا بووە. گەنجێکی دەستگیرکراو کە دەرچووی زانکۆیە، باس لەوە دەکات چۆن بە نۆ ئەکاونتی جیاواز لە سناپچات قسەی لەگەڵ زیاتر لە 100 کچ و ژن کردووە بەمەبەستی بەدەستهێنانی وێنە و ڤیدیۆکانیان.
تۆمەتبارێکی دیکە کە بە تۆمەتی هەڕەشەکردن دەستگیرکراوە، دەڵێت: "وێنە و ڤیدیۆی کچێکم لابوو، هەڕەشەم لێکرد ئەگەر 800 دۆلارم نەداتێ، بۆ کەسوکاری دەنێرم، بەڵام لەکاتی وەرگرتنی پارەکە لە مۆڵێکی سلێمانی دەستگیرکرام."
ئەو گەنجانەی ئێستا بە تۆمەتی ساختەکاری و هەڕەشە لە دەستبەسەریی ئاسایشدان، پەشیمانن و داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن نەکەونە داوی کاری نایاسایی و جیهانی مەجازییەوە.


