رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پلەی گەرما نزیک پلەی تۆمارکراوی دوێنێ دەبێت. کەشناسێک پێشبینی دەکات، لە یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانی سەرتاسەری باشووری کوردستان بگرێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەی شەممەوە رایگەیاندووە، سەرەتا ئاسمان نیمچە هەور دەبێت دواتر دەگۆڕێ بۆ هەوری تەواو؛ پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە یەکشەممە 29-11-2026وە شەپۆلێکی نوێی بارانی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، سەرەتا لە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکات و پاشان هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە".
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، بەهۆی بارانی بەلێزمەوە لە ماوەیەکی کورتدا، لەو ناوچانەی ساڵانە مەترسیی لافاویان لەسەرە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەبێت. گوتیشی: "شەپۆلەکە ناجێگیر دەبێ، تاوەبارانی بەلێزمە و هەورەبرووسکەی ناوبەناو دەبێت، لەگەڵ چالاکبوونی خێرایی با لەکاتی باراندا".
ئەو کەشناسە گوتی: "بەشێکی بارانەکە بەشێوەی حاڵەتی ناجێگیری دەبێت، واتا تاوە بارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکەی ناوبەناوی لەگەڵ دەبێت؛ ناجێگیری کەش ناوبەناو تاوەکو نزیکەی نێوەڕاستی مانگی 12 بەردەوام دەبێ، لەو ماوەیەشدا بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما پێنج بۆ حەوت پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
شاڵاو هیدایەت پێشبینی دەکات، لە ناوچە شاخاوییەکان لەم شەپۆلەدا بەفر ببارێت.
پلەی گەرمای سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 19 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 18 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 21 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 18 پلەی سیلیزی
سۆران: 17 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 24 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 20 پلەی سیلیزی
پیرمام: 16 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 10 پلەی سیلیزی



