رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە سێ مانگ لە خنکانی لە رووباری سیروان و بێئومێدبوونی کەسوکارەکەی لە دۆزینەوەی تەرمەکەی، بڕیارە سبەی هەینی نوێژی مردووی نائامادە (نوێژی غائیب) لەسەر گەنجێکی تەمەن 26 ساڵ لە گەرمیان بەڕێوەبچێت.
ئەحمەد لوقمان، گەنجێکی تەمەن 26 ساڵ بوو و باوکی کچێکی تەمەن دوو ساڵان بوو؛ لە شاری بەغدا وەک وەستای کەباب کاری دەکرد.
لە 17ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، کاتێک لە پشوودا بووە ، لەگەڵ ئامۆزایەکیدا بە مەبەستی راوەماسی و کاتبەسەربردن روویان لە رووباری سیروان کردووە، لەوێ کەوتووەتە نێو رووبارەکە و خنکاوە.
سەرەڕای هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی غەواسی و مەلەوانیی بەرگریی شارستانیی گەرمیان و کەسوکارەکەی بە درێژایی مانگەکانی رابردوو، بەهۆی لێڵی و قووڵیی رووبارەکەوە نەتوانرا تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.
کەسوکار و هاوڕێیانی ئەحمەد لە ئاگاداریێکدا داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن، سبەی رۆژی هەینی بەشداری لە نوێژی مردووی نائامادە (نوێژی غائیب)دا بکەن، تاوەکو لەدوای زیاتر لە 100 رۆژ لە چاوەڕوانی و نەدۆزینەوەی تەرمەکەی، دڵنەوایی خێزانەکەی و باوکی بدەنەوە و بە نوێژ ماڵئاوایی لە رۆحی ئەو گەنجە کاسبکارە بکەن.


.webp&w=3840&q=75)