رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ رایدەگەیێنێت، لە کاتی گەڕانەوەی لە رەز و باخەکەی، هاونیشتمانییەک بە ناوی سامان خدر بەهۆی ئەوەی مۆبایلی پێبووە لە بازگەیەکی پەکەکە ئەشکەنجە دەدرێت و لەهۆشخۆی دەچێت.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24 ئەیلوول روویداوە.
عەبدولڕەحمان رەسووڵ، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ بە رووداوی گوت: "لە بازگەی وەسان لە دۆڵی باڵەیان لە ناحیەی قەسرێی قەزای چۆمان هاونیشتمانییەک لە کاتی گەڕانەوەی لەناو باخ و بێستانەکەی لە بازگەیەکی پەکەکە رادەگیرێت و بەبیانووی پێبوونی مۆبایلەوە لەبەرچاوی خێزان و منداڵەکانی ئەشکەنجە دەدرێت و لەهۆشخۆی دەچێت".
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ ئاماژە بەوە دەکات، لەنێو بازگەکەدا کاتێک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ سامان خدر چووە، گەریلاکانی پەکەکە بینیویانە و لە ئۆتۆمبێلەکەی دایان بەزاندووە، ئەشکەنجەیەکی زۆریان داوە و دواتریش بەبێهۆشی کەلەپچەیان کردووە.
بە گوتەی عەبدولڕەحمان رەسوول، هاونیشتمانییەکە فەرمانبەری کارەبای قەسرێیە و چەند هاونیشتمانییەکی دیکە لەنێو بازگەکە لە دەستی چەکدارەکان دەریان هێناوە.
ئەو هاونیشتمانییانە سامانیان رەوانەی نەخۆشخانەیان کردووە و بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "دۆخی تەندروستیشی جێگیر نییە."
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، کەسوکاری سامان خدر بە رووداویان گوت، گەریلاکان بەبێ هیچ هۆیەک هێرشیان کردووەتە سەری. دەشڵێن، سکاڵای یاساییان تۆمارکردووە.بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ: پەکەکە بە بەرچاوی ژن و منداڵەکانییەوە ئەشکەنجەی پیاوێکیان داوە



.webp&w=3840&q=75)