رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە دوو مانگ لەمەوبەر، نرخی گۆشتی سوور لە هەرێمی کوردستان دابەزی. کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی بچووک نزیکەی چوار هەزار دینار و ئاژەڵی گەورەش نزیکەی دوو هەزار دینار دابەزیوە. بەرپرسێکی کشتوکاڵ دەڵێ، دابەزینەکە بەهۆی وەرزەکەوەیە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ دووشەممە 12-10-2026 گۆشتی بەرخ و کاوڕ لە هەولێر کیلۆی لەنێوان 21 بۆ 23 هەزار دینارە، هەروەها لە سلێمانی لەنێوان 22 بۆ 24 هەزار دینارە، هاوکات نرخی کیلۆیەک گۆشتی گوێرەکە لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 18 بۆ 22 هەزار دینارە.
ئیدریس سوورچی، بازرگانی ئاژەڵ و گۆشتفرۆش لە هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 12-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە زیندەقەپان 8 هەزار و 500 دینارە، بە کیلۆ گۆشتەکەی لەنێوان 21 بۆ 23 هەزار دینار لە گۆشتفرۆشەکانەوە دەگاتە دەستی خەڵک."
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی گۆشت کەمێک دابەزیوە و ئەمڕۆ کیلۆی گۆشتی بەرخ بە 22 بۆ 24 هەزار دینارە."
بەگوتەی گۆشتفرۆشان و سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کیلۆیەک گۆشتی ئاژەڵی گەورە لەنێوان 18 بۆ 22 هەزار دینارە، لەکاتێکدا مانگی ئاب لەنێوان 22 بۆ 24 هەزار دینار بوو، هەروەها گۆشتی بەرخ لەو مانگەدا کیلۆیەک لەنێوان 25 بۆ 28 هەزار دینار بوو.
ئیدریس سوورچی دەڵێ: "نرخی گۆشتی بەرخ زۆر دابەزیوە، بەڵام گۆشتی گوێرەکە نا، چونکە جوانەگا و گوێرەکە زۆر کەمن. ئەمڕۆ گۆشتی گوێرەکە و جوانەگا بە کۆ کیلۆی بە 20 هەزار دینار کڕیومانە و بە 22 هەزار دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان."
لە بەشێک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گۆشتی نەرمە بە ناوی گۆشتی گوێرەکەوە دەفرۆشرێ و کیلۆی بە 17 بۆ 18 هەزار دینار دەرفرۆشرێ.
ئیدریس سوورچی گوتی: "نرخی گۆشتی جوانەگا و گۆلکی خاوێن لە 22 هەزار دینار کەمتر نییە."
جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی دەڵێت، ئاژەڵی گەورە لە جۆرجیا، ئەرمینیا، بەرازیل و ئێرانەوە هاوردە دەکرێ و گۆشتەکەیان کێشەی نییە؛ ئاماژەی بەوە کرد: "هەر ئاژەڵێک زیاتر لە کوردستان دەمێنێتەوە تامی گۆشتەکەی خۆشتر دەبێت."
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی گوتی: "ئێستا گوێرەکە و ئاژەڵی بچووکی خۆماڵیش زۆر خراونەتە بازاڕەوە و هۆکارن بۆ دابەزینی نرخ، چونکە لە پاییز و زستان تێچووی بەخێوکردن زۆر بەرز دەبێتەوە و بەشێکی خاوەن ئاژەڵەکان دەیانخەنە بازاڕەوە بۆ فرۆشتن."
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، نرخی گۆشت لە قەزا و ناحیەکان بەراورد بە سلێمانی هەرزانترە. لەبارەی هۆکارەکەیەوە گوتی: "لە قەزا و ناحیەکان زۆرینەی گۆشتفرۆشان خۆشیان بەخێوکەری ئاژەڵەکانن و هەر خۆشیان سەری دەبڕن، وەکو شارەکان نییە کە سەربڕینەکەشی تێچووی خۆی هەیە."



