رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیێندراوێکی سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و گوشارەکانی بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێ، "یەکگرتوویی کورد و تەبایی نێوان هێزە کوردستانییەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی، بەهێزترین چەکە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026، رەزا کەعبی رایگەیاند، "لەم قۆناخە هەستیارەدا جارێکی دیکە هەڕەشە و گوشارەکان بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە چڕ بوونەتەوە، ئەم هەنگاوانەش تەنیا کێشەیەکی ئیداری یان دارایی نین، بەڵکو بەشێکن لە سیاسەتێکی مێژوویی و هاوبەشی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان."
لە راگەیێندراوەکەی سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا هاتووە، "چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان ئەرکێکی نیشتمانییە و دەبێت لە رێگەی گفتوگۆ، چاکسازیی راستەقینە و گەڕانەوە بۆ ئیرادەی خەڵک یەکلایی بکرێنەوە. بەڵام ناتەبایی ناوخۆیی هەرگیز نابێت ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی نەیارانی کوردستان دەست بۆ مافە رەواکانمان و قەوارەی هەرێمی کوردستان ببەن."
رەزا کەعبی، ئاماژەی بەوە کردووە، "لەم دۆخەی ئەمڕۆدا، یەکگرتوویی کورد و تەبایی نێوان هێزە کوردستانییەکان، بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گرینگترین ئامراز و بەهێزترین چەکە بۆ پاراستنی هەرێم و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، "کاردانەوەی هێزە کوردستانییەکان دەبێت لە ئاستی مەترسییەکاندا بێت و بگۆڕێت بۆ هاوبەشی و گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتوو کە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان بکاتە خاڵی سەرەکی. هاوکات، دەسەڵاتدارانیش بە کردەوە وەڵامی داواکاری و مافەکانی خەڵک بدەنەوە تا بەرەی ناوخۆ پتەوتر بێت."
رەزا کەعبی، جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەو دەسکەوتانەی لە باشووری کوردستان بەدەست هاتوون بە خوێن و قوربانیدانی دەیان ساڵە هاتوونەتە دی، بۆیە با نەیاران باش بزانن سەرباری هەر ناتەباییەکی ناوخۆیی کە دەتوانین بە گفتوگۆ چارەسەری بکەین، لەسەر مافی نەتەوەکەمان و پاراستنی قەوارەی هەرێم هاودەنگین."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەی کورد لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و ئیرادەی کوردستان لە هەموو هەڕەشە و پیلانێک بەهێزترە."



