رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی گوتاری هەینی لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان، تایبەت بێ بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق دژی کەرتی نەوت و وزە و دەروازە سنوورییەکان، ئەندامێکی لیژنەی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێ، "دەبێت هەمووان بزانن شکۆی کوردستان لە سەرووی هەموو شێکەوەیە".
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، ئەندامی بۆردی باڵای گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گوتاری هەینی سبەی تایبەت دەبێ بە دۆخی عێراق، کوردستان و هەڵوێستی حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان".
د. شێرکاوەیی گوتی: "سبەی مامۆستایانی ئایینی لە گوتاری هەینیدا گرنگیی خۆشەویستی و پارێزگاری لە نیشتمان بۆ نوێژخوێنان روون دەکەنەوە، هەروەها ئاماژە بە هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و پێویستی یەکدەنگیی کورد بەرامبەری دەکەن، چونکە گرنگە هەمووان بزانن بەرژەوەندی هاونیشتمانیان و پێگەی کوردستان لەسەروو هەموو شتێکەوەیە".
ئەو ئەندامەی بۆردی باڵای گوتاری هەینی گوتی: "خاک و نیشتمان لە تێڕوانینی ئیسلامەوە پێگە و رێز و خۆشەویستی زۆری هەیە، کوردستان خاکێکی پیرۆزە و پارێزگاری لێکردنی ئەرکێکی پێویستە، لەو سۆنگەوە مامۆستایانی ئایینی سبەی پێگەی هەرێمی کوردستان لە دەستووری عێراق و مێژووی پڕ سەروەری بۆ موسڵمانان باس دەکەن، کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەستهاتووە، ئەم هەرێمە تەنیا جوگرافیایەک یان موڵکی لایەنێک نییە، بەڵکو نیشتمانی نەتەوەیەکی خاوەن خەبات و دیارە لەم ناوچەیەدا".
د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گوتی: "پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەرکی هەمووانە، لە هەمان کات هەرێمی کوردستان کۆڵەگەیەکی سەرەکی ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بووە و تاوەکو ئێستاش ئارامترین ناوچەیە بۆ پەنابەران و هاووڵاتی و گەشتیارانی بیانی."
سبەی یەک گوتاری هەینی لە هەرێمی کوردستان پێشکێش دەکرێ. د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی ئاماژەی بەوە کرد: "سبەی مامۆستایانی ئاینیی هاونیشتمانیان لەو مەترسییانە ئاگادار دەکەنەوە، کە ئێستا لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و ئەو گرنگییەش دەخەنەڕوو بەرژەوەندی کورد لەم قۆناخەدا پێویستی زۆری بە یەکدەنگی و یەکڕەنگی و یەکهەڵوێستی هەیە، چونکە ئەوەی کوردستان دەپارێزێت یەکڕیزی و دادپەروەری و دڵسۆزی راستەقینەیە بۆ نیشتمان".
بەگوێرەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، رۆژانی هەینی لە زیاتر لە 3800 مزگەوتدا، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس نوێژی هەینی دەکەن و گوێ لە گوتارەکان دەگرن.



