رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان و شارەزایانی کەشناسی، لە سبەیەوە کاریگەریی شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستان دەگرێتەوە و بارانی بەلێزمە و پچڕپچڕ دەبارێت و پلەی گەرما دادەبەزێت.
بەگوێرەی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پێنجشەممە 05-11-2026، "لە زۆربەی کاتەکاندا بارینی نمەبارانی پچڕپچڕ دەبارێت، لە دوای نیوەڕۆ رێژەی دابارین هەندێک جار زیاد دەکات و هەورەبرووسکەی لەگەڵدا دەبێت، بارانبارین لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و دهۆک، هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران زیاتر دەبێت".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە، لە سبەیەوە تاوەکو یەکشەممە 08-11-2026، "بارانبارین تەواوی ناوچەکان دەگرێتەوە".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ دۆخی بارانبارین زۆر باش دەبێت، لە زاخۆوە بۆ خانەقین بارانی پێویست دەبارێت و جووتیاران دەتوانن ئامادەکاری بۆ چاندنی گەنم بکەن".
ئەو کەشناسە گوتی: "پێشبینی دەکرێ شەپۆلی بارانبارین پێنجشەممە تاوەکو یەکشەممە کاریگەریی بارانبارین زیاتر دەبێت و بارانی سەرتاسەری دەبارێت و پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، بەگشتی لەم شەپۆلەدا بارانی پەڵە دەبارێت، بەڵام لە دەشتی هەولێر، مەخموور، کەرکووک و بەشێکی گەرمیان بارانی کەمتر دەبارێ".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما لەنێوان دوو بۆ چوار پلەی سیلیزی دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 24 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 23 پلەی سیلیزی
دهۆک: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 23 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 24 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 23 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 23 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 25 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 15 پلەی سیلیزی
پیرمام: 21 پلەی سیلیزی


