رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، سبەی ئەنجوومەنەکەیان کۆدەبێتەوە و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن.
دارا خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 04-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەکرێت.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە 04-11-2026 پەرلەمانی کوردستان بەبێ فراکسیۆنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو و گۆڕان کۆبووەوە، بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆ، سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکەی و سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیدا، کاراکردنەوەی پەرلەمان، هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکرێت.
ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران، کە پێکدێن لە د.ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمان، رامی نووری، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان.
لە کۆبوونەوەکەدا 39 ئەندامی پارتی، سێ پەرلەمانتاری پێکهاتەکان، سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و سێ پەرلەمانتاری یەکێتی و دوو پەرلەمانتاری هەڵوێست وەکو سەربەخۆ بەشداری دانیشتەنەکەیان کرد، هەروەها یەک پەرلەمانتاری بەرەی گەل و تاکە پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانیی کوردستان ئامادە بوون.


