رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی کار گرووپ لە سنووری چەمچەماڵ دەڵێن، هێزێکی ئەمنی نووسینگەکانی داخستوون و کارمەندانیان نێردراونەتەوە ماڵەوە. قایمقامی چەمچەماڵ بێ ئاگایی خۆی نیشان دەدات و دەڵێت، کەس پەیوەندیی پێوە نەکردووین.
دوو سەرچاوە لە تیمی کار گرووپ لە چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، هەر سێ نووسینگەکەیان لە سنووری چەمچەماڵ لەلایەن هێزێکی ئەمنیی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە داخراون و کارمەندەکانیان نێردراونەتەوە ماڵەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکانی رووداو لە کار گرووپ، ئێوارەی دوێنێ 4ی تشرینی دووەمی 2026، هێزێکی ئەمنی چووەتە سەر نووسینگەکانی کۆمپانیاکە لە سنووری قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی، داوایان لێکراوە لەگەڵ داخستنی نووسینگەکان ئەو کارمەندانەی خەڵکی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێرن سنووری پارێزگای سلێمانی جێبهێڵن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کار گرووپ لە کێڵگەی کۆرمۆر و قەزای چەمچەماڵ نزیکەی 200 کارمەندی هەیە، یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو گوتی، "150 کارمەندمان کە خەڵکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن، لەسەر داوای ئەو هێزە ئەمنییە کارەکانیان جێهێشتووە و بە سەلامەتی گەڕێندراونەتەوە ماڵەوە."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کارمەندانەیان کە خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕینن، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "ئەوانیش نێردراونەتەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و هیچ کەسێکیان بۆ پارێزگای دیکە نەگواستراونەتەوە."
لەبارەی مامەڵەی هێزەکەوە، یەکێک لە سەرچاوەکان گوتی، "پرۆسەکە لەژێر رێکارێکی ئەمنیی تووند بووە، بەڵام ئازاری هیچ کارمەندێک نەدراوە و کەسیش دەستگیر نەکراوە، تاوەکو ئێمەش لەوێ بووین هیچ کەرەستەیەک نەشكێندراوە، بەڵام لەدوای رۆیشتمان ئاگاداری ئۆفیسەکانمان نەماوین."
رۆژی 5ی تشرینی دووەمی 2026، ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگاداری داخستنی نووسینگەی هیچ کۆمپانیایەک نین لە سنوورەکەیان، ئەو کۆمپانیایانە گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و دانەگاز هەیە و پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە."
باسی لەوەش کرد، کۆمپانیاکان لە کاتی بوونی کێشەدا دەتوانن پەیوەندییان پێوە بکەن، بەڵام کۆمپانیای کار هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەکردوون.
تیمەکانی کار گرووپ لە سنووری قەزای چەمچەماڵ سەرقاڵی کارپێکردنی ئەو بۆرییە نوێیانەن کە سەرەتای ئەم مانگە شێخ باز بەرزنجی، سەرۆکی گرووپی کۆمپانیاکانی کار لە راگەیێندراوێکدا تەواوبوونی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "لەمەودوا ئەو گازە سرووشتییەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت، لەڕێگەی تۆڕێکی بەرفراوان و یەکگرتووی بۆرییەکانەوە لە کۆرمۆرەوە بۆ دهۆک دەگوازرێتەوە، تاوەکو راستەوخۆ بگاتە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کارگەکان و دامەزراوە پیشەسازییەکان."
کارەبای 24 کاژێری کە بە "پڕۆژەی رووناکی" دەناسرێت، وزەکەی لە گازی کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵەوە دابین دەکرێت، یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو رەتیکردەوە دوورخستنەوەی تیمەکانی کار گرووپ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر هەبێت و گوتی، "کارپێکردنەکان تاقیکاری و سەرەتایین."
ئەو پێشهاتانە دوای ئەوە بوون رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2026، بە بەشداریی سێ ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، کە خۆیان وەکو سەربەخۆ دەناسێنن، دوای دوو ساڵ پەرلەمانی کوردستان کرا کرایەوە.


