رووداو - رادیۆ
دیار عیزەت رەشید، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵانی دانیشتووی گوندی حەسەنییەی سەر بە ناحیەی رۆڤیایە لە سنووری پارێزگای دهۆک؛ ئەو کە تاقە بژێوێنەری خێزانە هەشت کەسییەکەیەتی، تووشی کیسێکی مەترسیداری سەر سییەکان بووە و پزیشکان هۆشداری دەدەن ئەگەر بە زووترین کات نەشتەرگەریی بۆ نەکرێت، ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
عیزەت رەشید، باوکی دیار، بەدەست نەخۆشیی تەنگەنەفەسی و رەبۆوە دەناڵێنێت و نزیکەی هەشت ساڵە پەککەوتووە و ناتوانێت کار بکات؛ تەواوی بژێوی خێزانەکەیان کە پێکهاتوون لە دایک و باوک و پێنج خوشک، لەسەر شانی دیاری کوڕییان بووە، کە لەبەر هەژاری وازی لە خوێندن هێنابوو و بە کرێکاری بژێوی ماڵەوەی دابین دەکرد.
باوکی دیار لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو باسی لە تەندروستیی کوڕەکەی کرد و گوتی: "پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخستووە کە کیسێکی ئاوی گەورە لەسەر سییەکان و لە بن پەراسووی کوڕەکەم دروستبووە؛ پزیشکەکان پێیان گوتووین ئەگەر بە زووترین کات نەشتەرگەریی بۆ نەکرێت و کیسەکە بتەقێت، ژیانی لەدەستدەدات."
پێویستی بە دوو ملیۆن دینارە
سەبارەت بە تێچووی چارەسەرەکە، باوکی نەخۆشەکە ئاماژەی بەوە کرد: "تێچووی نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانەی حکومیدا پێویستی بە ملیۆنێک و 500 هەزار دینارە، لەگەڵ دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکاندا کۆی گشتی نزیکەی دوو ملیۆن دینار دەکات، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهات، توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەشمان نییە."
باوکی دیار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوا لە خێرخوازان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات دەستی هاوکارییان بۆ درێژ بکەن، تاوەکو نەشتەرگەرییەکە بۆ کوڕەکەی بکرێت و ژیانی رزگار بێت.
بۆ هاوکاریکردن پەیوەندی بە باوکی دیارەوە بکەن:
عیزەت رەشید: 07507347250


