رووداو - رادیۆ
بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی زستان و رێگریکردن لە لافاو، رێڕەوە سروشتییەکان خاوێنکراونەتەوە؛ هەروەها لە کۆی 19 پۆندی پلان بۆ دانراو لە دەوروبەری شارەکە، 5 پۆند بە تەواوەتی تەواوبوون و 14 پۆندی دیکەش لەژێر کارکردندان.
ئەندازیار رێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی بارانبارین، رێڕەوە سروشتییەکانی ئاوی باران کە بریتین لە رووبارە وەرزییەکان و کەندەکان پاککراونەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامە. لە ساڵانی رابردووشدا چەندین پڕۆژەی گرنگ وەک گۆڕینی رێڕەوی ئاو و فراوانکردنی کەند و پردەکان جێبەجێکراون."
بەڕێوەبەری ئاودێریی هەولێر ئاماژەی بە گرنگیی پۆندەکان کرد و گوتی: "پۆندەکان تەنیا بۆ رێگریکردن لە لافاو نین، بەڵکو رۆڵێکی گەورە لە پاراوکردنەوە و دەوڵەمەندکردنی سامانی ئاوی ژێرزەویی هەولێریش دەگێڕن. پلانی گشتی دروستکردنی 19 پۆندە لە سنوورەکە؛ ئێستا پێنج پۆندیان بە تەواوی ئامادەن بۆ گلدانەوەی ئاو، 14 پۆندی دیکەش بە رێژەی جیاواز کاریان تێدا دەکرێت، بەڵام بەهۆی کێشەی دارایی و نەناردنی بودجە لەلایەن بەغداوە، کارکردن لە بەشێکیاندا خاو بووەتەوە."
سەبارەت بە توانای کۆگاکردنی ئاو، ئەندازیار رێبوار حەسەن ئاماژەی بەوە کرد کە توانای گلدانەوەی ئاو لەو پۆندانە لەنێوان 200 هەزار تاوەکو 3 ملیۆن مەتر سێجایە، وەک نموونەش باسی لە پۆندی بنەسڵاوە کرد کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و دەتوانێت 2.5 بۆ 3 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆبکاتەوە.
لەبارەی ئەنجامی ئەو هەوڵانەش لەسەر سەلامەتیی هاووڵاتییان، بەڕێوەبەری ئاودێری جەختی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی بەهاری رابردوو بارانێکی زۆر باری، بەڵام بەهۆی ئەم پرۆژانەوە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لە هەولێر نەکەوتەوە.


