رووداو دیجیتاڵ
هەورەبرووسکە و رەشەبا سنووری شاری کۆیەی لە پارێزگای هەولێر گرتووەتەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، کارەبای چەندین گەڕەک بڕاوە و تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەن.
ئەمڕۆ هەینی 6ی تشرینی دووەمی 2026، تارق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە رووداوی گوت، "لە ئێوارەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین، هەورە برووسکە و رەشەبا قەزای کۆیەی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە کێشە بۆ فیدەرەکانی کارەبا درووست بووە و کارەبای چەندین شوێن بڕاوە."
تارق حەیدەری گوتی، "ژمارەی ئەو فیدەرانەی کیشەیان بۆ درووست بووە زۆرە، هاوکات چەندین تیمی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای کۆیە سەرقاڵی چاککردنەوەی فیدەرەکانن، بەڵام بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە ئاستەنگ بۆ تیمەکان دروست بووە."
سەبارەت بەو گەڕەکانەی کارەبایان بڕاوە، قایمقامی کۆیە گوتی، "زۆربەی گەڕەکەکانی سەنتەری قەزاکە و ناوچەکانی دەرەوەی قەزاکەش کارەبایان بڕاوە". سەبارەت بە کاتی ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا، تارق حەیدەر گوتی، "پێشبینیی دەکەین ئەمشەو بتوانین کارەبای قەزاکە ئاسایی بکەینەوە."


.jpg&w=3840&q=75)