رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات ئەمشەو لە بەشێک لە ناوچەکانی زاخۆ، دهۆک و هەولێر تەم دروستبێت، هاوکات بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی ساردەوە پلەی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەکات و ئەگەری بەفربارینیش لە لوتکە چیاکان هەیە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کە ئەمشەو یەکشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاویکردووەتەوە، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارینەکە بۆ ئەمشەو بە لاوازی دەمێنێتەوە، بەڵام باران بە شێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند لە ناوچەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان هەورەبرووسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
کەشناسی رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هاتنی بارستەهەوایەکی سارد پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و لەسەر لووتکەی چیا بەرزە سنوورییەکان ئەگەری بەفربارین هەیە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی کەشناسی: "ئەگەری دروستبوونی تەم لەسەر سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ناوچە شاخاوییەکانی هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر هەیە".
هاوکات کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڕی بارانبارینی 12 کاژێری رابردووی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، کە بەم شێوەیەیە بووە:
هەڵشۆ: 26.8 ملیمەتر
سلێمانی: 18 ملیمەتر
بازیان: 7.2 ملیمەتر
هەڵەبجە: 5.8 ملیمەتر
بارزان: 5.2 ملیمەتر
حاجی ئۆمەران: 4.2 ملیمەتر
کەلار: 4 ملیمەتر
ئاکرێ: 4 ملیمەتر
کانی ماسی: 3.2 ملیمەتر
ئامێدی: 2.2 ملیمەتر
بامەرنی: 1.8 ملیمەتر
چەمچەماڵ: 1.1 ملیمەتر
پیرمام: 0.4 ملیمەتر
دەربەندیخان: 0.4 ملیمەتر
زاخۆ: 0.3 ملیمەتر
مەیدان: 0.2 ملیمەتر
هەولێر: دڵۆپ دڵۆپ

