رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، 80%ـی کارەکانی پاککردنەوەی شوێنە لافاو لێدراوەکانی سەنتەری شارەکە تەواو بووە و تاوەکو سبەی پرۆسەی پاککردنەوە کۆتایی دێت. دەشڵێت، چوار گەڕەک زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "80٪ـی کارەکانی پاککردنەوە لە شارەکەماندا تەواو بووە، تاوەکو سبەی هەموو ناوچەکان پاکدەکرێنەوە و کارەکان بە تەواوی کۆتاییان دێت".
بە گوتەی کارزان هادی، زیاتر لە 1000 کرێکار و کارمەند خەریکی خاوێنکردنەوەی کۆڵان، شەقام و گەڕەکەکان بوون و لە شەوی رابردووەوە تاوەکو ئێستاش تیمەکانیان بەردەوامن لە کارکردن.
دەربارەی ئەو گەڕەکانەی زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتی: "ئەو گەڕەکانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە گەڕەکەکانی سێبەردان (هیوا سیتی)، هەولێری نوێ، گوڵان و شێخ ئەحمەدن،. بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکی تایبەت بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێندراوە و ئەندامانی لیژنەکە سەرقاڵی کارەکانیانن."
کارزان هادی باسی لەوەشکرد، کە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەرچی پێویست بێت دەیکەن بۆ هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی ئەو هاونیشتمانییانەی بەهۆی دروستبوونی لافاوەکەوە زەرەر و زیانیان بەرکەوتووە.
ئەمشەو بەڕێوەبەرانی شارەوانی یەک و چواری پارێزگای هەولێر بە رووداویان گوت: "بەهۆی لافاوەکەی دوێنێ زیان بە زیاتر لە 250 دووکانی لەنگە و شێخەڵڵا گەیشتووە".
شەوی شەممە، شەپۆلێکی چڕ و بەهێزی بارانبارین سنووری پارێزگای هەولێری گرتەوە، بەهۆیەوە لە چەندین شەقام، گەڕەک و بازاڕەکانی نێو شار لافاو دروستبوو و ئاو چووە نێو دەیان ماڵ و دووکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لەو شەپۆلەدا بڕی بارانبارین لە هەولێر گەیشتە نزیکەی 70 ملیمەتر. بارینی ئەو بڕە بارانە زۆرە لە چەند کاژێرێکی کەمدا بووە هۆی دروستبوونی لافاو، بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لە دەست دا زیانیش بە سەدان ماڵ، دووکان و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان گەیشت.

