رووداو دیجیتاڵ
بافڵ تاڵەبانی،
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی و هاوخەمی ئاراستەی کەسوکاری
قوربانیان و دانیشتووانی شاری هەولێر کرد و رایگەیاند، بە خەمبارییەوە چاودێریی دۆخی
سەختی هاووڵاتییان و لێکەوتەکانی لافاوەکەی شەوی شەممە دەکەن.
رۆژی یەکشەممە،
8ـی تشرینی دووەمی 2026، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان لە پەیامەکەیدا کە ئاراستەی خەڵکی
هەولێری کردووە دەڵێت: "هاونیشتمانییانی خۆشەویستی هەولێر، دڵمان لاتانە و بە
غەمبارییەوە چاودێریی دۆخی سەختی ئێوە و لێکەوتەکانی لافاوەکە دەکەین."
سەرۆکی یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان لەبارەی قوربانییانی لافاوەکە دەڵێت: "لە قووڵایی دڵمانەوە
سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری ئەو پەپوولە بێتاوانە و ئەو گەنجە دەکەین
کە لەپێناو رزگارکردنی ژیانی هاونیشتمانییانی دیکەدا گیانی خۆی بەخشی و بووە هێمای
قوربانیدان."
لە کۆتایی پەیامەکەشیدا
هاتووە: "لە خودای گەورە داواکارین بە بەهەشتیان شاد بکات و سەبووری بە خانەوادەکانیان
ببەخشێت."
هەروەها قوباد
تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند:
"زۆر دڵگرانین بە گیانلەدەستدانی محەممەد رەسوڵ حەمەدئەمین و مستەفا سەركەوت
خدر بەهۆی لافاوەکەی شەوی رابردووی شاری هەولێرەوە. هاوخەمی خانەوادە و کەسوکاری
ئازیزی هەردوو کۆچکردوو و هەموو دانیشتووانی خۆشەویستی شاری هەولێرین. خوای گەورە
روحیان بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و سەبووری بە هەموو لایەکمان ببەخشێت."
شەوی شەممە، شەپۆلێکی
چڕ و بەهێزی بارانبارین سنووری پارێزگای هەولێری گرتەوە، بەهۆیەوە لە چەندین شەقام،
گەڕەک و ناوچەی بازرگانیی نێو شار لافاو دروستبوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، لەو شەپۆلەدا نزیکەی 70 ملیمەتر باران لە هەولێر باری.
لافاوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی کە منداڵێک و گەنجێک بوون، کە گەنجەکە
لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگارکردنی خەڵک گیانی لەدەستدا، هاوکات زیانی مادیی بەرچاو بەر
دەیان ماڵ، ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 250 دووکانی کاسبکارانی شارەکە کەوت.
