رووداو دیجیتاڵ
مووچەخۆرێک لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گلەیی لە دواکەوتنی مووچە و کێشەی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) دەکات و دەڵێت، مانگی رابردوو بەشێک لە مووچەکەی نەخراوەتە سەر هەژمارەکەی و ناچار بووە بە نووسراوی فەرمی وەریبگرێتەوە؛ لە بەرامبەردا بانکی بەغدا دەڵێت، کێشەکە پەیوەندی بە نەزانینی هاووڵاتییانەوە هەیە لە بەکارهێنانی ئامێرەکان.
رزگار إسماعیل، مووچەخۆرێکی بەشداربووی پرۆژەی (هەژماری من) لە سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مانگانە مووچەکەمان لە رێگەی بانکی بەغداوە دەبینین، بەڵام هەمیشە کێشەمان هەیە؛ یان کارەبا نییە، یان لە ئامێرەکانی ATMـدا پارە نییە، جاری واش هەیە مووچەکەمان دوا دەکەوێت یان تەنیا بەشێک لە مووچەکەمان دەخرێتە سەر هەژمارەکەمان."
ئەو مووچەخۆرە ئاماژەی بەوەش کرد، لە مانگی رابردوودا بەشێک لە مووچەکەی نەخراوەتە سەر هەژمارەکەی، بۆیە ناچار بوون سەردانی لقی سەرەکیی بانکی بەغدا لە هەولێر بکەن و بە نووسراوێکی فەرمی شایستە داراییەکانیان وەربگرنەوە.
بانکی بەغدا: ئامێرەکانمان پارەیان تێدایە
لە بەرامبەردا، کارمەندێکی بانکەکە بە ناوی کارزان رەتیکردەوە کە هیچ کێشەیەکی نەختینەییان هەبێت و لە وەڵامدا رایگەیاند: "هەموو ئامێرەکانی ATMـی ئەم بانکە پارەیان تێدایە و کێشەکە زیاتر پەیوەندی بە نەزانینی هاووڵاتییانەوە هەیە لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئامێرەکان."
هاوکات بانکەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە رۆژانی رابردوودا تەنیا کێشەی کاتیی کارەبا و ئینتەرنێت هۆکاری پەککەوتنی بەشێک لە ئامێرەکان بووە.
بانکی بەغدا یەکێکە لە بانکە هاوبەشەکانی پرۆژەی (هەژماری من)ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا سەدان مووچەخۆر لە رێگەی کارتە بانکییەکانەوە مووچەی مانگانەیان وەردەگرن، و ئامێرەکانی ATMـیش بەشێکن لەو خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییە بۆ ئاسانکاریی راکێشانی پارە لەلایەن مووچەخۆرانەوە.



