رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەو دەنگۆیانە بە تووندی رەتدەکاتەوە کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی بەشەخۆراکی مانگانە و پێدانی بڕی 100 هەزار دینار بە هاووڵاتییان لەباتی ئەوە دەکەن، جەختیش دەکاتەوە کە دابەشکردنی خۆراک بەپێی خشتە فەرمییەکان بەردەوام دەبێت.
محەممەد حەنوون، راوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم ئەو هەواڵە چەواشەکارانەی لە بەشێک لە ماڵپەڕەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە رەتدەکەنەوە، کە گوایە پێشنیازێک لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گۆڕینی بەشەخۆراک بە 100 هەزار دیناری مانگانە هەیە.
راوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق "ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە و پشتیان بە هیچ بڕیار یان رێنماییەکی فەرمی نەبەستووە؛ ئەوەی لەبارەی دابەشکردنی پارە لەباتی خۆراک بڵاودەکرێتەوە، دوورە لە راستییەوە و گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەت ناکات."
محەممەد حەنوون ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی دابینکردن و دابەشکردنی ماددە خۆراکییەکان بەپێی پلانە پەسندکراوەکان بەردەوامە و لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکومەتدایە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراکی هاووڵاتییان. وەزارەتی بازرگانیش داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و زانیاریی بێبنەما بڵاونەکەنەوە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای خەڵک.
سیستەمی ئێستای بەشەخۆراک لە عێراقدا بۆ ساڵی 1996 دەگەڕێتەوە. پێش ئەوەی فۆرمی خۆراک بکرێتە ئەلیکترۆنی، زیاتر لە 5 ملیۆن و 386 هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، بەهۆی تۆمارنەکردن لە سیستەمی ئەلیکترۆنیدا، زیاتر لە 294 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکیان بڕدراوە.



