رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمە خۆماڵییەکان بەڕێوەدەچێت و جووتیاران، باخەوانان و خاوەن پڕۆژەکانی کشتوکاڵ لە هەموو کوردستانەوە دەتوانن تێیدا بەشداربن. بەرپرسێکی شارەوانی دەڵێت، هەر کەسێک بەرهەمی خۆماڵی هەبێت دەتوانێت بێبەرامبەر بەشداری بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026 سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بە ناونیشانی "هەولێر وەک ماڵی گەورەی هەمووان" رایگەیاند: "بە ئامانجی پاڵپشتیکردنیان و ناساندن و بەبازاڕکردنی بەرهەمە نێوخۆییەکان، فێستیڤاڵی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ تەواوی جووتیاران و باخەوانانی کوردستان بەڕێوەدەچێت".
فێستیڤاڵەکە لە بەردەم پارکی شانەدەر لە شاری هەولێر لە شەممە 28-11-2026 دەست پێدەکات؛ جووتیاران، باخەوانان و هەموو ئەوانەی بەرهەمی خۆماڵییان هەیە دانیشتووی هەر شارێکی هەرێمی کوردستان بن، دەتوانن بەشداری بکەن و شوێنیان بێبەرامبەر پێ دەدرێت.
رەنجدەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فێستیڤاڵەکە بۆ سێ رۆژ دەبێت، بەڵام ئەگەر پێویست بکات کاتەکەی درێژ دەکەینەوە".
شارەوانیی هەولێر سێ ژمارەی مۆبایلی داناوە بۆ جووتیاران، باخەوانان، هەنگەوانان و هەموو ئەوانەی کە بەرهەمی خۆماڵییان هەیە پەیوەندییان پێوە بکەن و بۆ بەشداریکردن ناویان تۆمار بکەن: 07504473029 - 07504519153 - 07504885189.
رەنجدەر ئومێد گوتی: "هەموو بەرهەمێک وەردەگرین کە بەرهەمی خۆماڵی بێت وەک هەنار، ترێ، هەنجیر و کاری دەستی". گوتیشی: "فێستیڤاڵەکە دەبێتە بازاڕێک لە هەولێر".



