رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە. گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر دەڵێ، یەک بەرمیل نەوت تاوەکو دەگاتە بەردەم ماڵان 395 هەزار دینار دەکەوێ.
رۆژی هەینی، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنی فرۆشانی هەولێر بە رووداوی گوت: " نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بۆرسەی هەولێر گەیشتووەتە 375 بۆ 380 هەزار دینار، تاوەکو دەگاتە بەردەم ماڵی هاونیشتمانییان 395 هەزار دینار دەکەوێ."
سەرباز کەریم گوتی: "ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەشکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستپێنەکات، نرخەکەی زۆر 400 هەزار دینار تێدەپەرێنێت."
هەر ئەمڕۆ هەینی، جەمال ساڵح، خاوەنی (بەنزینخانەی قەساب) لە هەولێر بە رووداوی گوت: "نرخی یەک لیتر نەوت لە بەنزینخانەکان گەیشتووەتە 1750 بۆ 1800 دینار، واتە یەک دەبە نەوتی 20 لیتری 36 هەزار دینار دەکەوێ."
سەبارەت بە کواڵیتی نەوتەکە، خاوەنی ئەو بەنزینخانەیە گوتی: "کواڵیتی نەوتەکە باش نییە، جگە لەوەش لە کاتی سووتاندا دووکەڵ دروست دەکات."
هاوکات عەلی ئەحمەد، فرۆشیاری نەوت لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "نرخی یەک بەرمیل نەوتی کواڵیتی باش گەیشتووتە 390 هەزار دینار، ئەمەیش هاونیشتمانییانی ناچار کردووە بە دەبە بیکڕن، لە کاتێکدا نرخی یەک دەبە نەوت بە 35 هەزار دینار دەفرۆشرێ."
ئەو نەوتفرۆشە روونی کردەوە: "جۆرێک نەوت کە بە نەوتی کەرکووک ناسراوە نرخەکەی هەرزانترە و یەک بەرمیلی 375 هەزار دینار دەکەوێ، ئەمەیش لەبەرئەوەی لە کاتی سووتاندا دووکەڵی هەیە و پڵیتەی زۆپا رەق دەکات."
لە 02-11-2026 سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی نەوتی بۆ هەرێمی کوردستان دا، دواتریش 04-11-2026 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە فەرمی رەزامەندی لەسەر دابینکردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت دا.
دوێنێ پێنجشەممە، سەلام عومەر، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "رێکارەکانی وەرگرتنی نەوتەکە لە بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان بەردەوامە، پێشبینی دەکەین دابەشکردنەکەی بکەوێتە هەفتەی داهاتوو."



