رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی هەولێر رایگەیاند، 10 هەزار ڤەیپ و 120 کارتۆن یاریی ئاگرینیان لەنێوبردووە. قایمقام دەڵێت، ڤەیپ بە یاسا قەدەخە کراوە و لەهەر کوێ هەبێت دەستی بەسەردا دەگرن.
لە راگەیێندراوێکی قایمقامیەتی هەولێردا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-11-2026 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی لیژنەکانی چاودێری و بەدواداچوون بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە چەند شوێنێکی جیاوازی شارەکە دەست بەسەر بڕی 10 هەزار ڤەیپ و 120 کارتۆن یاریی ئاگریندا گیرابوو، سەرجەمیان لە شوێنێکی تایبەت و دوور لە ئاوەدانی لەنێوبران.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "فرۆشتنی ڤەیپ بە بڕیاری وەزارەتەکانی تەندروستی و بازرگانی قەدەخە کراوە، تیمەکانمان دەستکراوەن لە هەر فرۆشگایەک بیبینن دەستی بەسەردا بگرن و لەنێوی ببەن".
قایمقامی هەولێر گوتیشی، ئەو شوێنانەی ڤەیپ دەفرۆشن دەستیان بەسەردا گیراوە، خاوەنەکانیشیان رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "فرۆشتن و مامەڵەکردن بە یارییە ئاگرینەکان و ڤەیپ بە شێوەی نایاسایی و بەبێ مۆڵەت، بە تەواوی قەدەخەیە؛ چونکە جگە لەوەی زیانی تەندروستییان هەیە، دەبنە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان و مەترسیی ئاگرکەوتنەوە و رووداوی نەخوازراویش دروست دەکەن".
قایمقامیەتی هەولێر ئاماژەی بەوە داوە، لیژنە هاوبەشەکان و هێزەکانی پۆلیسی شارەوانی بەردەوام دەبن لە گەڕان و پشکنینەکانیان لە بازاڕ و کۆگاکاندا و هەر کەس و لایەنێک سەرپێچیی رێنماییەکان بکات رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.



