رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارەبای هەڵەبجە دەڵێ، سێ گەڕەکی شارەکە دوای ئەوەی (پڕۆژەی رووناکی)یان پێگەیشت، موەلیدە ئەهلییەکانیان لابرد یان کێشەیان بۆ دروستبوو، بەڵام لە دوو رۆژی داهاتوودا موەلیدە بۆ ئەو گەڕەکانە دادەنرێتەوە.
رۆژی شەممە، 21ی تشرینی دووەمی 2026، ئەندازیار کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند: "دوای گەیشتنی (پرۆژەی رووناکی) بە هەڵەبجە، خاوەنی موەلیدە ئەهلییەکانی گەڕەکەکانی (دەروازە، شەهیدان و شەهید فاتیح) موەلیدەکانیان فرۆشت یان موەلیدەکان سووتان و ئیدی چاک نەکرانەوە، ئەمەیش لەم دۆخەی ئێستای کارەبادا کێشەی بۆ هاوبەشانی ئەو گەڕەکانە دروست کردووە."
ئەندازیار کاوان کەریم گوتی: "دوای کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان، هەموو گەڕەکەکان پشت بە کارەبای موەلیدە دەبەستن. ئەو گەڕەکانەشی کە موەلیدەکانیان لابراوە یان سووتاوە، لە شەو و رۆژێکدا تەنیا شەش کاژێر کارەبای نیشتمانییان هەیە."
بەڕێوەبەری کارەبای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد کە "کێشەی گەڕەکەکانی (شەهیدان و دەروازە)مان تا رادەیەک کەمتر کردووەتەوە و شەوانە دوو کاژێر کارەبای موەلیدەیان لە گەڕەکێکی دیکەوە دەدرێتێ".
کاوان کەریم گوتی: "بەڕێوەبەرایەتی کارەبا لەگەڵ قایمقامیەتی شارەکە و لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لەسەر هێڵن و چەند کەسێک بەڵێنی دانانی موەلیدەیان بۆ ئەو گەڕەکانە داوە و لەم دوو رۆژەدا موەلیدەیان بۆ دادەنرێتەوە و کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکرێ."
بەپێی داتاکانی موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە، خشتەی کارپێکردنی موەلیدەکان لە هەڵەبجە بەو جۆرەیە کە رۆژانە لە کاژێر 06:00ـی بەیانی بۆ کاژێر 08:00ـی بەیانی و پاشانیش لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بۆ کاژێر 01:00ـی شەو دیاریکراوە و هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی بکوژێتەوە، موەلیدە ئەهلییەکان کارەبا دەدەنە هاوبەشان.



