رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر دەڵێ، دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە وەستا، بەرنامەی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە هەولێر و دهۆک کارا کرایەوە و هاونیشتمانییان دەتوانن مامەڵەکانیان بکەن.
رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە شەممەوە بەرنامەی پسوولەی خۆراک لە هەموو عێراق کێشەی هەبوو، بەڵام شەوی شەممە لە هەموو عێراق چارەسەر کرا تەنیا دهۆک و هەولێر نەبێت. بەڵام نزیک کاژێر 05:00ـی ئەمڕۆ ئێوارە لای ئێمەش چاکبووەوە و هاووڵاتییان دەتوانن مامەڵەکانیان بکەن."
لەبارەی هۆکارەکەی سیامەند قادر گوتی: "بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکی لە بەرنامەکە، کارەکان و مامەڵەی هاووڵاتییان وەستابوون".
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "ئێستا بەرنامەی پسوولەی خۆراکی ئەلیکترۆنی کارا کراوەتەوە کە بۆ دوو رۆژ بوو لە سیستەمەکە کۆد بۆ مۆبایلەکانتان نەدەهاتەوە، ئێستا هیچ کێشەیەک لە سیستەمەکە نییە و دەتوانن مامەڵەکانتان پێشکێش بکەن."
لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس بوونەتە خاوەنی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک، کە دەکاتە 95%ـی کۆی هاونیشتمانییان.
یەکەمجار لە 2ـی حوزەیرانی 2025 پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد؛ پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، پێنج ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت.




