رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی سێشەممە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەست و ئەو فەرمانبەرانە دەستپێدەکات کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "رۆژی سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هاوکات لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەست، مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دابەش دەکرێت کە لە دوای رێکەوتی 1-7-2024ـەوە بە شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەت دامەزراون و شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
سەبارەت بە ماوەی تەواوبوونی پرۆسەکە، وەزارەتی دارایی روونیکردووەتەوە، بەهۆی دابەزینی داهاتی ناوخۆ و کەمیی پارەی کاش لە بانکەکاندا، دابەشکردنی مووچەی ئەو چین و توێژانە ماوەی پێنج رۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن.



