رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی کوردستان سەرەتای تەممووزی ئەم ساڵ رایگەیاند، زیاتر لە نۆ هەزار هاونیشتمانیی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ پڕکردنەوەی 250 هەلی دامەزراندن فۆرمیان پڕکردووەتەوە. پەرلەمانتارێک دەڵێ، ناوی 250 کەسەکە جیاکراوەتەوە و تەنیا راگەیاندنی ناوەکان ماوە.
کاوە عەلی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 23-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ دامەزراندنی 250 کەس لە هەڵەبجە بەدواداچوونم لە ئەنجوومەنی راژە کردووە و دەڵێن، نووسراوێکی فەرمی لە پارێزگای هەڵەبجە پێویستە بۆ دڵنیابوونەوەی نیشتەجێبوونی ئەوانەی دادەمەزرێن."
دووی تەممووزی ئەم ساڵ ئەنجوومەنی راژە رایگەیاند، پێشکێشکردنی فۆرم بۆ دامەزراندن لە 10-06-2026 دەستی پێکردووە و تاوەکو 24-06-2026 بەردەوام بووە و لەو ماوەیەدا 9006 کەس بۆ 32 پسپۆڕیی جیاواز فۆرمیان پڕکردووەتەوە.
کاوە عەلی گوتی: "لە ئەنجوومەنی راژە ناوی 250 کەسەکە جیاکراوەتەوە بۆ دامەزراندن. ئەوەی ماوە ناسنامەی نزیکەی 15 کەسیان وردبینی ماوە کە دەبێت لە پارێزگای هەڵەبجەوە بدرێتە ئەنجوومەنی راژە کە دڵنیابنەوە ئەوانەی دامەزراون دانیشتووی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن و ئیدی هیچی دیکە نەماوە. دوای وردبینییەکە ناوی دامەزراوان بە فەرمی رادەگەیێندرێت."
بەرپرسێکی باڵا لە پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لای ئەوانەوە کاروباری هەموو ئەوانەی دادەمەزرێن تەواو کراوە و بە فەرمی رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە.
کاوە عەلی گوتی، دوای بڵاوکردنەوەی ناوی دامەزراوان، هەفتەیەک مۆڵەت دەدرێت بۆ سکاڵاکان لە ئەنجامی پرۆسەی دامەزراندنەکە کە بە گرێبەستە.
ئەوانەی لە هەڵەبجە داوای دامەزراندنیان کردووە، 4808ـیان لە رەگەزی نێرن و 4198 کەسیشیان ئافرەتن.
دامەزراندنەکە لەلایەن فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی راژەی گشتی سەرپەرشتی دەکرێ.



