رووداو دیجیتاڵ
دوو باوک لە سۆران، دوای ئەوەی ماوەی وەرگرتنی منداڵە ئۆتیزمەکانیان لە سەنتەرێک تەواو دەبێت و رووبەڕووی بژاردەی سەختی گواستنەوە بۆ هەولێر یان جێهێشتنی وڵات دەبنەوە، بڕیار دەدەن خۆیان سەنتەرێکی تایبەت بە ئۆتیزم بکەنەوە. بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سۆرانیش دەڵێ، کە لە زۆر رووەوە ئاسانکارییان بۆ دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، شێخ سادق سەعید، باوکی ژیری تەمەن حەوت ساڵان، کە ئۆتیزمی هەیە، چیرۆکی سەرەتای ئەو بیرۆکەیەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گێڕایەوە و گوتی: "سێ منداڵم هەیە و منداڵێکیان ئۆتیزمی هەیە بە پلەی ناوەند. کۆمەڵگەی بارزانی هەیە کە بەشی ئۆتیزمی تێدایە، بەڵام تەنیا دەتوانن بۆ ماوەی دوو ساڵ منداڵان وەربگرن؛ ئێمەش دوو ساڵەکەمان بەسەرچوو."
شێخ سادق دەڵێت: "من و هاوڕێیەکی دیکەم کە ئەویش بە هەمان شێوە منداڵێکی ئۆتیزمی نۆ ساڵانی هەیە، هەردووکمان کاتمان لە کۆمەڵگەی بارزانی تەواو بوو. دۆخمان ناخۆش بوو؛ یان دەبوو بێینە هەولێر بۆ چارەسەری منداڵەکانمان کە ئەمەش تێچووی زۆری هەیە و ناتوانین ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرین و لەوێ بژین، یان دەبوو لێرە بڕۆین و وڵات جێبهێڵین، چونکە هیچ چارەیەکمان نەبوو."
ئەو دوو باوکە لە بری کۆڵدان، بڕیاریان دا کێشەکەیان بکەنە دەرفەتێک بۆ منداڵانی دیکەش. شێخ سادق گوتی: "بە هاوبەشی لەگەڵ هاوڕێیەکەم سەنتەرێکی ئۆتیزمان لە سۆران دانا. مۆڵەتی فەرمی و هەموو رێکارەکانمان تەواو کردووە و نزیکەی مانگێکە دەستمان بە کارەکانمان کردووە، چوار مامۆستای پسپۆڕیشمان لەو بوارەدا هێناوە."
ئەو سەنتەرە جیاواز لە شوێنەکانی دیکە، دەرگای بە رووی منداڵانی تەمەن گەورەتریشدا کردووەتەوە و نرخەکانیشی کەمکردووەتەوە. باوکی ژیر ئاماژە بەوە دەکات: " ئێمە بە دوو شەفت دەوام دەکەین و منداڵی تەمەنی گەورەش وەردەگرین؛ کاژێر 08:00ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی نیوەڕۆ بۆ منداڵانی سێ ساڵ تاوەکو 10 ساڵییە، لە کاژێر 01:30 تاوەکو 05:00ـی ئێوارەش بۆ منداڵانی 11 تاوەکو 16 ساڵییە."
پشتگیریی لایەنە پەیوەندیدارەکان
کردنەوەی ئەم سەنتەرە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانیشەوە پێشوازیی لێ دەکرێت. توران خدر، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە زۆر پشتگیریی ئەو کەسانە دەکەین کە دەیانەوێت ئەو سەنتەرانە بکەنەوە، چونکە لە دەزگا خێرخوازییەکان و بەشێک لە دەزگا حکومییەکان ناتوانن منداڵی گەورە وەربگرن، بۆیە ئەم سەنتەرانە کاریگەریی زۆر باشیان هەیە."
توران خدر گوتیشی: "ئێمە 100% هەموو هاوکارییەکیان دەکەین و بەپێی یاسا و رێنماییەکان لە هەموو رێکارە کارگێڕییەکاندا هاوکارییان دەکرێت. لەلایەن لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەت مۆڵەت بەو شوێنانە دەدرێت کە کۆمەڵێک مەرجی هەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێن، دوای ئەوە مۆڵەتیان پێ دەدرێت، هەروەها نرخەکانیش لەو رێنمایانە دیاری کراون."
4-5-2026, کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راگەیاند:"بەپێی ئامارەکانی وەزارەت، لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 927 منداڵ هەڵگری کۆنیشانەکانی ئۆتیزمن، لەو ژمارەیە تەنیا 310 منداڵیان مووچەیان هەیە."
ئۆتیزم چییە؟
دۆخێکە منداڵ لە سێ رووەوە نائاسایی دەبێت: لایەنی کۆمەڵایەتی و تێکەڵبوون لەگەڵ کەسانی دیکە. لایەنی پەیوەندیکردن بە چوار دەور و گەیاندنی هەستەکانی خود و تێگەیشتن لە هەستی کەسانی دیکە. هەروەها هەندێک هەڵسوکەوتی سەیر و دووبارە.
راددەی توندیی نەخۆشییەکە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکى دیکە جیاوازە، لە منداڵێکدا کە تەنیا هەست دەکرێ لەوانی دیکە جیاوازە و پێویستی بە هەندێک چاودێرییە، بۆ یەکێک کە تەواو تواناکانی سنووردارن و بێ پشتیوانی ئەوانی دی تووشی سەختی دەبێتەوە.
لە تەمەنی 2-3 ساڵییەوە هەست بە نیشانەکانی ئۆتیزم دەکرێن و ئەگەر منداڵ زوو ببرێتە لای پەروەردەکاری تایبەت، دەتوانرێ هاوکاریی بکرێت و بەشێوازی تایبەت فێربکرێ و هەندێک توانای بۆ بگێڕدرێتەوە.




