رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەو دەروازانەی لە هەرێمی کوردستان فەرمین و حکومەتی عێراق دانی پێدا نەناون دەڵێن، دەرگایان کراوەیە و هاتن و چوونیان بەردەوامە، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لە پاسەوانی سنوور دەڵێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان داخستنی یەکێک لە دەروازەکان بە فەرمی رادەگەیێنن.
فەرماندەی گشتیی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، رێکارەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق و لەنێویاندا سنووری هەرێمی کوردستان گرتووەتەبەر. سەرچاوەیەکی باڵا بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ یەکێک لە دەروازە لاوەکییەکان فەرمانی داخستنی درا".
فەریق محەممەد عەبدولوەهاب سوکەر سعێدی، فەرماندەی پاسەوانی سنووری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 25-11-2026 بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند: "دەستکراوە بە جێبەجێکردنی رێنمایی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بۆ داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان".
راشیگەیاند: "هێزەکانی سنوور بەرپرسن لە هێڵی سنووری نەک دەروازەکان، چونکە یەکەکانی سنوور تایبەتن بە هێڵی سنووری و دەروازەکان لە تایبەتمەندیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانن. هەوڵ و ئاراستەیەک هەیە بۆ یەکخستنی ناوەندێتیی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەروازەکانی دیکەدا".
سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە پاسەوانی سنووری عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر بڕیارێکی پاسەوانی سنوور لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بێگومان پێویستی بە فەرمانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، بێ رەزامەندی هەرێمی کوردستان هیچ کارێک ناکرێت".
لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و تەوێڵە هەن، کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دانیپێدا نراوە و حکومەتی عێراق بەفەرمی نەیناساندووە.
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی: "ئەمڕۆ یەکێک لە دەروازە نافەرمییەکان دادەخرێت کە لە دەرەوەی ئەوانەی سنووری پارێزگای سلێمانییە و فەرمانی داخستنی دەرچووە و تەنیا راگەیاندنی ماوە، بەڵام دواتر داخستنی دەروازەکانی نافەرمانییەکانی سلێمانیش دەستپێدەکات، هەموو داخستنەکانیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ و ئەوەشی ئەمڕۆ دادەخرێت بە ئاگاداری هەرێمی کوردستانە".
عەباس عەزیز باپیر، بەڕێوەبەری گومرگیی راپەڕین و سەرپەرشتیاری دەروازەی کێلێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا کارەکان لە دەروازەکەمان بەردەوامە و هیچمان بۆ نەهاتووە بۆ راگرتنی کار و دۆخەکە ئاساییە".
دوو دەروازەی دیکە لە دەروازە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و باکووری کوردستان هەن کە عێراق دانی پێدا نەناون، ئەوانیش دەروازەی سەرزێڕە لە سنووری پارێزگای دهۆک و دەروازەی زێت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر.
یونس مەلا رەمەزان، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی سەرزێڕ ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەرگای دەروازەمان کراوەیە و دۆخەکە تەواو ئاساییە".
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆ لە دەروازەی زێت تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێ و بەردەوامە".
بەگوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، فەرمانی داخستنی دەروازە نافەرمییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هەمووی جێبەجێ دەکرێ، بەڵام داخستنەکان بە فەرمان و رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر داخستنی هەر دەروازەیەک نەدات، ئەوان وەکو پاسەوانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێی ناکەن.



