رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناوچەیەکی سنووریی ناحیەکە تەرمی کەسێک دۆزراوەتەوە کە پاسپۆرتی ئەفغانستانی پێبووە و پێدەچێت لە سەرما رەقبووبێتەوە.
رۆژی شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، عەبدولوەهاب مەحموود، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئێوارە تەرمێک دۆزراوەتەوە، لە شوێنێکی سەر سنوورە پێی دەڵێن مێرگەدرێژە. ماوەیەک بەر لە ئێستا کۆمەڵێک خەڵکی ئەفغان ویستبوویان بێنە عێراق بۆ کار، لەوانەیە ئەمەش هەر یەکێک لەوان بێت، چونکە پاسپۆرتی ئەفغانستانی لابووە و لەدایکبووی ساڵی 1989ـیە."
لەبارەی هۆکاری گیانلەدەستدانی و رێکارەکانەوە، عەبدولوەهاب مەحموود گوتی: "هیچ ئاسەوارێکی گولـلە بە جەستەیەوە نییە و پێدەچێت لە سەرما مردبێت. لە رێگەی پۆلیس و بەرگریی شارستانییەوە تەرمەکەی هێنراوەتەوە و نێردراوە بۆ دادپزیشکیی هەولێر".
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران دەڵێ:"هەوڵدەدەین لە رێگەی سەفارەتی وڵاتەکەوە لێرەوە تەرمەکەی بنێرینەوە. دەمێکە مردووە و ئێستا نییە، بەڵام لە دادپزیشکی دیار دەبێت."
عەبدولوەهاب مەحموود ئاماژەی بەوەش کرد: "لەم مانگەدا ئەوە دووەم تەرمە؛ هەفتەی رابردووش لە هەمان ناوچە تەرمێکی دیکەی پاکستانی دۆزرایەوە و بە هەمان شێوە نێردرا بۆ دادپزیشکیی هەولێر."
ناحیەی حاجی ئۆمەران سەر بە قەزای چۆمانە لە سنووری پارێزگای هەولێر و دەکەوێتە سەر سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران.




