رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی هەولێر بەهۆی پێشبینیی شەپۆلی باران و ئەگەری دروستبوونی لافاوەوە، سەرجەم تیمەکانی خستووەتە ئامادەییەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی دەڵێ، کارەکانیان بەسەر سێ ناوچەی سەرەکیدا دابەش کردووە و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزی بن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "لەسەر بنەمای پێشبینییەکانی کەشناسی و لە چوارچێوەی پلانی ئەمنیی پارێزگادا، سەرجەم تیم و کەلوپەلەکانی رزگارکردن ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو."
بە گوتەی شاخەوان سەعید، "بۆ رێکخستنی کارەکانیان، هەولێر بەسەر سێ زۆنی سەرەکیی (ناوەڕاست، باشوور و باکوور) دابەش کراوە و هەر زۆنێک ئەفسەرێک سەرپەرشتیی دەکات. هاوکات لەگەڵ شەش شارەوانییەکەی هەولێر، پارێزگا، قایمقامییەت، قەزا و ناحیەکان، پۆلیس، هاتووچۆ، ئاسایش و تیمی وەڵامدانەوەی خێرا وەک یەک تیم کار دەکەن.
لەبارەی توانای لۆجستیی تیمەکانیانەوە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاماژەی بەوە کرد، "دوو تیمی تایبەت بە رزگارکردن بە کەلوپەلی پێشکەوتووەوە ئامادە کراون، لەگەڵ ئۆتۆمبێلی راکێشانی ئاو، ئۆتۆمبێلی بەرز، پەیژەی رزگارکردن و چەندین ئامێری دیکەی فریاگوزاری."
رێنماییەکانی خۆپارێزی بۆ هاونیشتمانییان
بەرگریی شارستانیی هەولێر داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە کاتی لێزمەباراندا، بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە و ئەم رێنماییانە جێبەجێ بکەن:
پاراستنی بەڵگەنامە و کەلوپەلەکان: دانانی بەڵگەنامە گرنگەکان (ناسنامە و پاسپۆرت)، پارە و کەلوپەلە بەنرخەکان لەنێو زەرف یان سندووقێکی پارێزراو لە شوێنێکی بەرزی ماڵەوە.
ئامێرە کارەباییەکان: گەرمکەرەوە (سۆپا، هیتەر و تەباخ) لە شوێنی بەرز دابنرێن، هەروەها کوژاندنەوەی سەرچاوەی سەرەکیی کارەبا لە کاتی مەترسیی لافاودا.
پاراستنی ئۆتۆمبێل: رانەگرتنی ئۆتۆمبێل لە گەراج و شوێنە نزمەکان، بەتایبەت ئەو ناوچانەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاویان هەیە وەک دەوروبەری شەقامی 30 مەتری، سەیداوە، فامیلی مۆڵ و ناوچەی یاریگە.
خۆپاراستن لە هەورەبرووسکە و رێڕەوە ئاوییەکان: دوورکەوتنەوە لە کەناڵ و رێڕۆکانی ئاو؛ هەروەها هاونیشتمانییان و شوانەکان لە کاتی هەورەبرووسکەدا نەچنە سەر شاخ و بەرزاییەکان و لە تەنیشت درەختی بەرز نەوەستن.
شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین لە هەر حاڵەتێکی فریاکەوتندا دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی (115)ـەوە بکەن.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: راپۆرتی کەشناسیی دراوەتە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و داوامان لێ کردوون ئاگاداری رۆژی سێشەممە، هاوکات دەسەڵاتی راگەیاندنی پشوو لە دەستی پارێزگاری شارەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانە.
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بوومەلەرزانیی هەرێمی کوردستان، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی باران زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پێشبینی دەکرێت رۆژی سێشەممە زۆرترین ببارێت.



