رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی هەولێر دەڵێ، ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی پارێزگار و بەشداریی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان تایبەت بە شەپۆلی بارانبارین دەکرێ. لەبارەی ئەگەری راگەیاندنی پشوویشەوە لەم رۆژانەی کە چاوەڕوان دەکرێ بارانی زۆریان تێدا ببارێ، دەڵێ، بڕیاری لەو جۆرە بەپێی دۆخی هەر رۆژێک دەدرێ.
رۆژی یەکشەممە، 29ـی تشرینی دووەمی 2026، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوای کاژێر 06:00 کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای هەولێر دەکرێ، وەک تەندروستی، بەرگریی شارستانی، ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، رێگەوبان، شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان. کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر دەبێ و تێیدا هەموو ئامادەکارییەکان باس دەکرێن."
لەبارەی ئەگەری راگەیاندنی پشووی فەرمی لە دامودەزگاکان و ناوەندەکانی خوێندن بەهۆی شەپۆلە بارانەکەوە، قایمقامی هەولێر گوتی: "دەسەڵات بە پارێزگاکان دراوە، بەڵام دەبێت ئەو رۆژە و بەپێی دۆخ بڕیاری پشوو بدرێ."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، پێشتر کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاندبوو، دوای لافاوەکەی چەند هەفتەی رابردوو چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی وەک رێڕۆی ئاو لە هەولێر دروستکراون، هەموو مەنهۆڵەکان پاککراونەتەوە و زیاتر لە 300 کارمەندی شارەوانی لە سبەیەوە لە ئامادەیی تەواودا دەبن.
هاوکات بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارمەندەکانی راگرتووە و 22 بنکەی بە دوو تیمەوە تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو خستووەتە حاڵەتی ئامادەییەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەهۆی بارستە هەوایەکی ساردەوە پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و بارانبارین لەمڕۆوە بە شێوەی پچڕپچڕ دەستپێدەکات، کاریگەریی سەرەکیی شەپۆلەکەش لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەدا لەسەر تەواوی پارێزگاکانی باشووری کوردستان زۆر بە چڕی دەردەکەوێت.
شەوی 7-11-2026، شەپۆلێکی چڕ و بەهێزی بارانبارین و هەورەبرووسکە سنووری پارێزگای هەولێری گرتەوە، بەهۆیەوە لە چەندین شەقام، گەڕەک و ناوچەی بازرگانیی نێو شار لافاو دروستبوو. لەو رووداوەدا دوو کەس گیانیان لەدەست دا و زیانیش بە دەیان ماڵ و ئۆتۆمبێل گەیشت.




