رووداو دیجیتاڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، لێدان لە ژێرخانی ستراتیژیی وڵاتەکەی نیشانەی هێز نییە و گوزارشتە لە "نائومێدی". ئەم لێدوانەی پزیشکیان دوای هەڕەشە تووندەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت کە رایگەیاندبوو هێرشی "زۆر قورس" دەکەنە سەر ئێران. رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، مەسعود پزیشکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وەڵامی هەڕەشەکانی ئەمریکای دایەوە و نووسیویەتی: "ژێرخانە ستراتیژییەکان دەمارە زیندووەکانی ژیانی خەڵکن. هەڕەشەکردن بۆ لێدان لە تۆڕەکانی گواستنەوە، کارەبا و ئاو، نیشاندەری هێز نییە، بەڵکو گوزارشتە لە نائومێدی لە ئاست ئیرادەی گەلێکدا." پزیشکیان جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە پشتبەستن بە زانست و یەکڕیزیی نەتەوەیی، لە بەرامبەر هەر گوشار و هەڕەشەیەکدا دەوەستێتەوە. رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "دوێنێ بە تووندی لێمان دان، ئەمڕۆش جارێکی دیکە بە تووندی لێیان دەدەینەوە. ئێمە هێرشی زۆر قورسیان دەکەینە سەر." ترەمپ، تاران بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە دانوستاندنەکاندا "یاری بە کات دەکەن" و وەک گەمژە مامەڵە لەگەڵ واشنتن دەکەن. ترەمپ تەنانەت باسی لە ئەگەری بەئامانجگرتنی پردەکان و وێستگەکانی کارەبا کرد لە ناو خاکی ئێراندا. گرژییەکان کاتێک گەیشتنە لوتکە کە ئێران کۆپتەرێکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری (ئەپاچی) خستەخوارەوە. لە بەرامبەردا سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی بۆ سەر بنکەکانی ئێران دەستپێکرد. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بە فەرمانی ترەمپ هێرشی "بەرگری لەخۆکردن"یان کردووە و وەک وەڵامێکی گونجاو بۆ دەستدرێژییەکانی ئێران وەسفیان کرد. لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا، قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران رایگەیاند کە بنکەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج. سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کرد کە هێرشیان کردووەتە سەر 21 ئامانجی سەربازیی ئەمریکا، لەوانەش ناوەندی کەشتیگەلی پێنجەمی سوپای ئەمریکا لە بەحرێن و چوار ئامانجی ستراتیژی لە ناو خاکی ئوردن (بە مووشەکی دوورهاوێژ).