رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، بۆ هەموو هەڕەشەیەکی سەرۆکی ئەمریکا وەڵامی ''ددانشکێن''ـیان هەبووە؛ دەشڵێت، لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکان، بە تووندی وەڵام دەدەنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 10-06-2026، ئەبولفەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزەچەکدارەکانی ئێران لە وەڵامی نوێترین هەڕەشەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی وڵاتەکەی رایگەیاند: ''وەڵامی هەموو هەڕەشەیەکی ترەمپمان ددانشکێنانە داوەتەوە''.
ئەبولفەزل شکارچی ئاماژەی بە ئەگەری هێرشکردنی ئەمریکا کرد بۆ سەر وڵاتەکەی و گوتی، لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکان، ''تووندتر لە جاران'' وەڵامیان دەدەنەوە.
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران وەک ئاماژەیەک بۆ دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو، بە هیچ شێوەیەک لە بەرامبەر "سیستمی زاڵی جیهانی'' پاشەکشە ناکەن.
قسەکانی ئەبولفەزل شکارچی لەکاتێکدان کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی ئاسمانیی ئەمریکا چەند ئامانجێکی لە ئێران بۆردوومان کرد و سوپای پاسدارانیش ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن کرد.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، ئەمڕۆ زەبرێکی دیکەی تووند لە ئێران دەدەین.

.jpg&w=3840&q=75)
