رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشێکی نوێدا ژێرخانی ئاویان لە باشووری وڵاتەکە کردووەتە ئامانج، ئەوەش بە "تاوانی جەنگ" ناو دەبات و دەڵێت، بەهۆی ئەو هێرشەوە ئاوی خواردنەوەی 10 گوند بڕاوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) رایگەیاند: "ئاو دەماری ژیانە و ئەمریکا لەرێگەی هێرشەکانییەوە شادەماری ژیانی ئێرانییەکانی کردووەتە ئامانج." بەقایی گوتی: "ئەمریکا لە بەردەوامیی دەستدرێژییەکانیدا بۆ سەر ئێران، شەوی رابردوو ژێرخانە ستراتیژییەکانی ئاوی لە ناوچەی (سیریک) لە پارێزگای هورمزگان کردووتە ئامانج، ئەو دامەزراوانەی هێرشیان کراوەتە سەر، ئاوی خواردنەوەیان بۆ زیاتر لە 20 هەزار کەس دابین دەکرد." گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و رایگەیاند: "لەو هێرشەدا دوو کۆگای ئاو بە توانای 2500 مەتر سێجا ئاو کراونەتە ئامانج، بەهۆی هێرشەکەوە 10 گوند لە ئاوی خواردنەوە بێبەش بوون." بەقایی ئەم کارەی ئەمریکای بە "تاوانی جەنگیی ئاشکرا" و "پێشێلکاریی زەقی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناوبرد و گوتی:" دەبێت واشنتن لەسەر ئەم تاوانە دڕندانەیەی دژی ژێرخانی ئێران، رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزا ببێتەوە." شەوی رابردوو وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکی ئاپاچی سوپای ئەمریکا، کە شەوی پێشووتر لەلایەن ئێرانەوە خرابووە خوارەوە، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیانکردە سەر ئێران. فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا کاژێر 5:00ـی پاشنیوەڕۆ بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا (12:00 شەو بە کاتی هەولێر) بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، دەستیان بە هێرشی بەرگری لە خۆکردن کردووە. سێنتکۆم هێرشەکەی بە "وەڵامێکی گونجاو بۆ دەستدرێژییە بێ پاساوەکەی ئێران" وەسفکرد. قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێرانیش رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی سوپای ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشووری ئێران بە پاساوی "کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیان"، هەندێک لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرانە ئامانجی ئەرتەش و سوپای پاسدارانی ئێران. هەروەها سوپای پاسدارانیش دەڵێت، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، هێرشیان کردووەتە سەر 21 ئامانجی سەربازیی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکە، لەوانەش ناوەندی کەشتیگەلی پێنجەمی سوپای ئەمریکایان لە بەحرێن کردووەتە ئامانج. هاوکات هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران رایگەیاند، بە مووشەکی دوورهاوێژ، هێرشی کردووەتە سەر چوار ئامانجی ستراتیژی لە ناو خاکی ئوردن.