رووداو دیجیتاڵ
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە قۆناخی داهاتووی گفتوگۆکان بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "راوێژە پێویستەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامن و لە کاتی هەبوونی مەرجە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان، زانیاری رادەگەیێندرێت".
بەقایی گوتی: "بەپێی دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن، دەستپێکردنی گفتوگۆکانی رێککەوتنی کۆتایی بەندە بە دەستپێکردنی جێبەجێکردنی بەندەکانی (1، 4، 5، 10 و 11)ی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە و بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنیان".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی سویسرا کە پێشتر بڕیار بوو رۆژی هەینی بەڕێوەبچێت، رایگەیاند: "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەی سویسرا لە رۆژی هەینی، واژۆکردنی دەقی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی سەپێندراو بوو، هەروەها بڕیار بوو لە پەراوێزی رێوڕەسمی واژۆکردنەکەدا بیروڕا سەبارەت بە رێوشوێنەکانی پەیوەست بە گفتوگۆکانی رێککەوتنی کۆتایی ئاڵوگۆڕ بکرێ. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە واژۆکردنی دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە لە بەرەبەیانی 18ی حوزەیران بە شێوەی دیجیتاڵی ئەنجامدرا، سازدانی ئەو کۆبوونەوەیە لە سویسرا لەئارادا نییە و بەپەلە نییە، بەڵام خەریکی پلاندانانین بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەک لە چەند رۆژی داهاتوودا".
خاڵەکان باسی چی دەکەن؟
1- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوپەیمانەکانیان دەستبەجێ و بە شێوەیەکی هەمیشەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان، بە لوبنانیشەوە رادەگرن. پابەند دەبن بەوەی هیچ جەنگێک یان هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی یەکدی دەستپێنەکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە هەڕەشە یان بەکارهێنانی هێز دژی یەکدی.
4- دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست دەکات بە لادانی گەمارۆ دەریاییەکەی و هەر جۆرە پەکخستن یان بەربەستێک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ماوەی 30 رۆژیشدا بە تەواوی کۆتایی بە گەمارۆ دەریاییەکە دەهێنێت. لەو ماوەیەدا، هاتووچۆی کەشتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی پێش جەنگ. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر پابەند دەبێت بەوەی کە هێزەکانی لە دەوروبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی دووربخاتەوە.
5- لەگەڵ واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەکارهێنانی هەموو هەوڵەکانی، رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ تێپەڕبوونی سەلامەتیی کەشتییە بازرگانییەکان بێ هیچ باجێک تەنیا بۆ 60 رۆژ، لە کەنداوەوە بۆ دەریای عومان و بەپێچەوانەیشەوە. هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دەستبەجێ دەستپێدەکات و بە رەچاوکردنی پێویستیی لادانی بەربەستە تەکنیکی و سەربازییەکان، پاککردنەوەی مینەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە 30 رۆژدا جێبەجێ دەکرێ.
10- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بەوەی کە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە و تاوەکو کۆتاییهاتنی سزاکان، مۆڵەتی لادانی سزاکان دەربکات بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، بەرهەمە نەوتییەکان و هەموو خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان، لەوانەش مامەڵە بانکییەکان، بیمە و گواستنەوە.
11- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بەوەی دارایی و سەرمایە بلۆککراوەکان یان سنووردارکراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەدا بە تەواوی بۆ بەکارهێنان بەردەست بکات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتی دانوستاندنەکاندا بە شێوەیەکی دوولایەنە لەسەر رێکارەکانی پەیوەست بە ئازادکردنی ئەم پارانە رێکدەکەون. ئەم داراییانە، چ لە هەژمارە سەرەکییەکەدا مابنەوە یان گوێزرابنەوە، دەبێت بە تەواوی بۆ پارەدان بە هەر سوودمەندێکی کۆتایی کە لەلایەن بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیاریدەکرێ، شیاوی بەکارهێنان بن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بە دەرکردنی هەموو مۆڵەت و رێپێدانە پێویستەکان بەو پێیە.


.jpg&w=3840&q=75)