رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران هێرشی تووند دەکاتە سەر ئیتامار بن گەڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتیمانیی ئیسرائیل و بە کەسێکی شەڕەنگێز ناوی دەبات، دوای ئەوەی ئەو وەزیرە ئیسرائیلییە داوای سووتاندنی لوبنانی لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە کرد.
ئەمڕۆ هەینی 19-06-2026 عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، نابێ لێدوانەکانی بن گەڤیر بە کەم سەیر بکرێن، چونکە ئەمانە تەنیا قسەی "شێتێکی هەڕەمەکی" نین، بەڵکو راگەیێندراوی فەرمیی ئەندامێکی باڵای حکومەتی ئیسرائیلن.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، "ئەو تاقمە کۆمەڵکوژەی بارەگاکەیان لە تەلئەڤیڤە، مەترسین بۆسەر هەموو مرۆڤایەتی. تەنیا بەرژەوەندیی ئەوان لە جەنگی هەمیشەییدایە."
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە هات، بن گەڤیر داوای وەڵامدانەوەی زۆر تووندی بەرامبەر حیزبوڵڵای لوبنان کرد، ئەوەش دوای کوژرانی چوار سەربازی ئیسرائیلی لە پێکدادانەکانی باشووری لوبنان.
بن گەڤیر لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس گوتی کە "دەبێت هەموو لوبنان بسووتێنرێ؛" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی گوتووە، "بۆ هەر فرمێسکێکی دایکی ئیسرائیلی، دەبێت هەزار دایکی لوبنانی بگرین."
وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل نووسیویەتی، "سەرەڕای رێزی بێ پایان بۆ ئەمریکییەکان، دەبێت ئیسرائیل بۆ هەموو جیهانی روون بکاتەوە کە خوێنی کوڕەکانمان و ئاسایشی هاووڵاتییانمان جێگەی مامەڵە نییە."
ئەو وەزیرە گوتی، سەرکەوتن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دانبەخۆداگرتن بەدەستنایەت، بەڵکو دەبێت "هێرش بکرێ و تیرۆر تێکبشکێندرێ."
سەرەڕای واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان، هێرشە ئاسمانی و پێکدادانە زەوینییەکان لە لوبنان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوون، ئەمەش وایکرد نێوەندگیرە ئەمریکی و ناوچەییەکان دەستوەردان بکەن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا.
بەپێی زانیارییەکان، بە نێوەندگیریی ئەمریکا و قەتەر و دوای گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل و ئێران، ئاگربەستێک لە کاژێر 4:00ی دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی (بە کاتی هەولێر) لە نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل چووە واری جێبەجێکردنەوە.


.jpg&w=3840&q=75)