رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی رێبەری ئێران دەڵێت، ستراتیژیی ''ئاشتی لە رێگەی هێزەوە''ـی ئەمریکا شکستی هێناوە. دەشڵێت، واشنتن لە بەرامبەر وڵاتەکەیدا ''دەستەوەستان'' ماوەتەوە، بۆیە پێداگرە لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆکان.
رۆژی یەکشەممە، 21-06-2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری ئێران بۆ کاروباری سەربازی سەبارەت بە دانوستاندنی تاران و واشنتن پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: ''بڕیار بوو ئەمریکا بە ستراتیژیی ئاشتی لە رێگەی هێزەوە، ناچار بە خۆبەدەستەوەدانمان بکات، بەڵام شکستی هێنا.''
بەگوتەی موحسین رەزایی، دوای ''شکستهێنان''ـی ئەمریکا لە گۆڕەپانی سەربازی، لە بەرامبەر ئێراندا ''دەستەوەستان'' ماوەتەوە و رژدە لەسەر دانوستاندن.
ئەو راوێژکارەی رێبەری ئێران هۆشداری دەدات، ئەمریکا سەلماندوویەتی کە ''بەڵێنشکێن''ـە و هەر گەشبینییەک بەو گفتوگۆیانەی لەئارادان، دژی تاران دەقۆزرێتەوە.
قسەکانی موحسین رەزایی لەکاتێکدان کە چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ یەکشەممە گەڕێکی نوێی دانوستاندنە هەستیارەکانی نێوان واشنتن و تاران لە سویسرا دەستپێبکات و شاندی هەردوو لا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان تاران و واشنتن، بڕیارە دانوستاندنەکان بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بن. پاکستان و قەتەر وەک نێوەندگیر لە کۆبوونەوەکانی سویسرا بەشدارن، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو پرسانەی لە رێککەوتنی سەرەتاییدا بە هەڵپەسێردراوی مابوونەوە.


