رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند. 4.5 ملیار دۆلاریان بۆ دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان و دەرمان تەرخان کردووە؛ دەشڵێت، سیاسەتی یەکخستنی نرخی دراو، پلانێکی ''جدی''ـی وڵاتەکەیە بۆ کۆتاییهێنان بە سەردەمی گەندەڵی.
رۆژی یەکشەممە، 21-06-2026، عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی بژێوی، پێویستی بە ''کۆدەنگیی نیشتمانی و هاوئاهەنگیی سەرجەم دامەزراوەکان''ـی وڵاتەکە هەیە.
بەگوتەی عەبدولناسر هیممەتی، بەهۆی دۆخی جەنگ، گەمارۆ و سزاکانەوە، ئابووریی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر رووبەڕووی ئاڵنگاریی ناوخۆیی و گوشاری دەرەکی بووەتەوە، ''بۆیە تەنیا بە یەکخستنی سیاسەتەکانی دارایی، بازرگانی و دراو دەتوانرێت بەسەر کێشەکانی کەمیی نەختینەیی و دابەزینی بەرهەمهێناندا زاڵ بین''.
پێشتر بانکی ناوەندیی ئێران دۆلاری پاڵپشتیکراوی بە نرخێکی کەمتر و بە بەهای 28 هەزار و 500 تمەن دەدایە بازرگانان. سەرۆکی بانکەکە باسی لە سیاسەتی یەکخستنی نرخی دراو کرد لە وڵاتەکەی و گوتی: ''پلانێکی جدییە بۆ کۆتاییهێنان بە سەردەمی بەرتیل و گەندەڵی و، بە هیچ شێوەیەک گەڕانەوە بۆ نرخی پاڵپشتیکراو لەئارادا نابێت.''
وەک عەبدولناسر هیمەتی دەڵێت، بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایشی خۆراک و دەرمان، لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە 4.5 ملیار دۆلاریان تەرخان کردووە، ''بۆ ئەوەی لە ئەگەری درێژبوونەوەی دۆخەکەدا، کێشە بۆ دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکاندا دروست نەبێت.''
سەرەڕای هەبوونی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان تاران و واشنتن، جەنگی پێشوو، گەمارۆ و سزا داراییەکان دۆخی ئابووریی ئێرانی بەرەو داڕمان بردووە. سەرۆکی بانکی ناوەندیی وڵاتەکە ئەوەشی خستەڕوو: ''هیوادارین لێکتێگەیشتنە دیپلۆماسییەکان بگەنە ئەنجام و قۆناخ بە قۆناخ کۆنترۆڵی قەیرانەکان بەرەو گەشەپێدانی ئابووری بچێت.''
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، گەڕێکی نوێی دانوستاندنە هەستیارەکانی نێوان واشنتن و تاران لە سویسرا دەستپێبکات. دانوستاندنەکان لە کاتێکدان کە تاران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز دەکات و ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش لەبەردەم مەترسیی هەڵوەشاندنەوەدایە.
یەکێک لە مەرجەکانی ئێران بۆ بەردەوامبوون لە دانوستاندن، ئازادکردنی بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانیەتی، بۆ بووژانەوەی ئابووری و دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکانی وڵاتەکە.


