رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەندامێکی کۆمسیۆنی ئاسایش لە پەرلەمانی ئێران لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا هەندێکی بەڵگەی نهێنی ئاشکرا کرد، دامەزراوەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران داوای لێپرسینەوەی دەکات.
رۆژی شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، مەحموود نەبەویان، ئەندامی کۆمسیۆنی ئاسایش لە پەرلەمانی ئێران لە کاتی بەشداری کردن لە پروگرامێکی تەلەفزیۆنی رایگەیاند:"موجتەبا خامنەیی 11 مەرجی سەبارەت بە دانوستاندنەکان دیاری کردبوو، کە بریتی بوون لە وەرگرتنی قەرەبوو لە ئەمریکا، مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، هەڵگرتنی سزاکان، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و سەپاندنی سەروەری بەسەر تەنگەی هورمزدا. هەروەها داوای کردبوو وەرگرتنی باج (سەرانە) لە تەنگەی هورمز هەر لە ئێستاوە دەست پێ بکات."
مەحموود نەبەویان بە خوێندنەوەی ئەو دەقانەی کە وەک "نامە تەواو نهێنییەکان"ی موجتەبا خامنەیی ناوبران، ئەوەشی خستەڕوو کە دوای دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد، موجتەبا خامنەیی بۆ تیمی دانوستاندنکاری نووسیوە: "ئەوەی لە دانوستاندنەکانی پاکستان روویداوە، لەگەڵ ئەوەی کە بڕیار بوو ببێت و مەرجی رەوایی (شەرعیەت)ی دانوستاندنەکان بووە، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە و دەبێت دانوستاندنەکان رابگیرێن."
نەبەویان ئاماژەی بەوەشکردبوو "موجتەبا خامنەیی گوتبووی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دانوستاندن؛ یان دەبێت بگەنە سەرکەوتن کە بەو مانایەیە دوژمن مافتان بە فەرمی بناسێت، یان ئەوەی کە پرسی ئەتۆمی بۆ هەمیشە لە کارنامەی دانوستاندنەکان بێتە دەرەوە."
ئەوە لە کاتێکدایە، بەرنامەکە پچڕا رێگە بە بڵاوکردەوەی نەدرا، پاش ئەوە محموود نەبەویان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند:" لە پرۆگرامێکی کەناڵی خەبەر لە بارەی قسەکانی رێبەر بەرنامەکە بە نیوەچڵ مایەوە."
دوای قسەکانی مەحموود نەبەویان، دامەزراوەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران (سەدا و سیما)ی ئێران رایگەیاند: "قسەکانی ئەو و ئاماژەدان بە هەندێک بەڵگەنامەی پۆلێنکراو (نهێنی) و نووسراوەکانی بەرپرسانی باڵای وڵات، بە پێشێلکاریی یاسایی دادەنرێت و شایانی لێپێچینەوەی دادوەرییە."



