رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لێدوانی جیاواز لەبارەی چۆنیەتیی بەردەوامیی ئاگربەست و جووڵەی هێزەکان لە باشووری لوبنان دەدەن. لە کاتێکدا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەخت لە مانەوەی هێزەکانیان و وەڵامدانەوەی هەڕەشەکان دەکاتەوە، حیزبوڵڵاش بەردەوامیی ئاگربەست بە پابەندبوونی تەلئەڤیڤەوە دەبەستێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 21ـی حوزەیرانی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەربازەکانیان لە هەموو ئەو شوێنانەی بە "پشتێنەی ئەمنیی" ناوی دەبەن، دەمێننەوە. کاتز ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان ئازادن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە رووبەڕوویان ببێتەوە.
پشتێنە ئەمنییەکە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە نێو خاکی باشووری لوبناندایە و ئیسرائیل دەڵێ، ئامانج لێی پاراستنی ناوچەکانی باکووریی وڵاتەکەیەتی و هەموو دەستکەوتە سەربازییەکانیان دەپارێزن.
مەرجەکانی حیزبوڵڵا و رەوشی مەیدانی
لە بەرانبەردا، بەرپرسێکی حیزبوڵڵا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، گرووپەکەیان پابەندی ئاگربەست دەبێ تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل پێوەی پابەند دەبێ، هەروەها جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل مافی هاتووچۆی ئازادانەیان لە باشووری لوبناندا نییە.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە رۆژی شەممە چەند هێرشێک لەلایەن هەردوولا کرانە سەریەکدی و بەپێی ئامارەکان 20 کەس لە لوبنان گیانیان لەدەستدا؛ ئیسرائیل دەڵێ ئەو هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ ئەو مووشەکانەی لەلایەن حیزبوڵڵا وە شەوێک پێشترئاراستەی سەربازەکانیان لە باشووری لوبنان کرابوون.
وەستانی کاتیی پێکدادانەکان
سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کاژێر 6:30ـی ئێوارەی رۆژی شەممەوە، هیچ پێکدادانێکی کاریگەر لە نێوان هەردوولادا تۆمار نەکراوە. حیزبوڵڵا دەڵێ لەو کاتەوە هیچ تەقەیەکیان نەکردووە و ئیسرائیلیش هیچ هێرشێکی نوێی نەکردووە.
جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ـی ئازاری 2026ـەوە دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی تێکچوونی بارودۆخی سیاسیی و مرۆیی ناوچەکە. ئێستا کە ئەمریکا و ئێران لە سویسرا خەریکی گفتوگۆی ئاشتین، لوبنان بووەتە تەوەری سەرەکیی دانوستاندنەکان. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو لەسەر مەرجە ئەمنییەکان رژدن، تاران داوای راگرتنی شەڕ لە لوبنان دەکات وەک مەرجێک بۆ رێککەوتنی کۆتایی.



