رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە راگەیێندراوی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە رۆژی 25ی حوزەیرانی 2026 رایگەیاند، "دەستوەردانە لە کاروباری نێوخۆ و پێچەوانە نیشاندانی راستییەکانە." رۆژی هەینی، 26ـی حوزەریرانی 2026، ئیسماعیل بەقایی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "بێگومان ئێران زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە خەمی ئاسایشی گشتیی ناوچەکەیەتی." بەقایی، رەخنەی لە وڵاتانی کەنداو گرت کە پەنا بۆ ئەمریکا دەبەن و گوتی: "ئەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو وای دابنێت چارەسەری کێشەکان پەنابردنە بۆ گەورەترین پێشێلکاریی ئاسایش، خۆی لە خۆیدا رەتکردنەوەی ئامانجەکان و گاڵتەجاڕییەکی تاڵە؛ ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە پەندیان لە ئەزموونە تاڵەکانی ئەم دواییە وەرنەگرتووە." رۆژی 25ی حوزەیران، لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرێن وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و عەبدولـلەتیف راشد ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن کۆبوونەوە. مارکۆ روبیۆ، پابەندیی نەگۆڕی واشنتنی بۆ ئاسایشی وڵاتانی کەنداو دووپات کردەوە. لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، جەخت کرایەوە کە بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەدا، پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە هەڕەشەکانی ئێرانە، لەوانەش مووشەکی بالیستی، درۆن و پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان. وەزیرەکان جەختیان کردەوە، هەر جۆرە وەبەرهێنانێک لەگەڵ تاران، مەرجدارە بە پابەندبوونی ئێران بە یاداشتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی کۆتایی و وەستاندنی رەفتارە نائارامکەرەکانی. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوای لە وڵاتانی دراوسێ کرد وەڵامی ئەوە بدەنەوە، "بۆچی بە پێشێلکردنی بنەمای دراوسێیەتیی باش و یاسا نێودەوڵەتییەکان، هاوکاریی هێرشە دەستدرێژکارانەکانیان کردووە؟" گوتیشی: "دەبێ پرسیاری ئەوە بکرێ کە بۆچی رێگەیان داوە خاکەکەیان دژی ئێران بەکار بهێنرێت یان لەوێوە مووشەک بەرەو وڵاتەکەمان بتەقێندرێت؟" لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، بەقایی ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتانی کەنداو چاو لەو کێبڕکێی چەکداربوونە وێرانکەرە دادەخەن کە تێیدا سەدان ملیار دۆلار بۆ کڕین و کۆگەکردنی چەکی پێشکەوتوو خەرج دەکەن، لە کاتێکدا هیچ پاساوێکی بەرگرییان نییە.
ئێران24-06-2026ئێران: رێگە نادەین پشکنەرانی نێودەوڵەتی سەردانی ئەو بنکە ئەتۆمییانە بکەن کە بۆردوومان کراون