رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی ئەمنیی هەستیاردا، سەربازێکی سوپای ئیسرائیل مۆبایلێکی سەربازیی زۆر نهێنی لە ناوچەی دابڕاو لەسەر سنووری سووریا ون دەکات و دواتر ئامێرەکە دەکەوێتە دەست هاووڵاتییانی سووری. ئەمەش وایکرد سوپای ئیسرائیل بەپەلە رێکاری پێویست بگرێتەبەر و پاسوۆرد و کۆدەکانی سەرجەم ئامێرە هاوشێوەکانی دیکەی بگۆڕێت، هاوکات لێکۆڵینەوە دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا رووداوەکە هیچ زیانێکی هەواڵگریی لێکەوتووەتەوە یان نا.
بەپێی راپۆرتێکی نیر دڤۆری، رۆژنامەڤان لە کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، سەربازێکی سوپای ئیسرائیل لە کاتی رۆیشتنی بۆ ناوچەی دابڕاوی سەر سنووری سووریا، مۆبایلێکی سەربازیی تایبەت و پۆلێنکراوی ونکردووە، کە ئامێرێکە سەربازەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکاریدەهێنن.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دواتر مۆبایلەکە لەلایەن هاووڵاتییانی سوورییەوە لە دیوەکەی دیکەی سنوور دۆزراوەتەوە. ئەمەش وایکردووە سوپای ئیسرائیل دەستبەجێ کۆد و پاسوۆردی ژمارەیەکی زۆر لەو ئامێرە هاوشێوانە بگۆڕێت کە لەلایەن هێزەکانەوە بەکاردەهێندرێن.
هەروەها راپۆرتەکە روونیدەکاتەوە، تاوەکو ئێستا دیار نییە کە ئایا ئەو کەسانەی مۆبایلەکەیان دۆزیوەتەوە توانیویانە هاکی بکەن، یان ئایا بەهۆی کەوتنی ئامێرەکە بەدەست لایەنی نائیسرائیلییەوە هیچ زیانێکی هەواڵگری بە ئیسرائیل گەیشتووە یان نا.
لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، سوپای ئیسرائیل تەنیا رایگەیاند: "ئاگاداری رووداوەکەین و لێکۆڵینەوەی لێ دەکەین، ئێستاش لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە کاری لەسەر دەکرێت."
.jpg&w=3840&q=75)


