رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ستایشی دەستکەوتە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ساڵانی رابردوودا دەکات، بەڵام رایدەگەیێنێت کە شەڕەکانی ئیسرائیل "هەرگیز کۆتاییان نایەت" و هێشتا کارێکی زۆر ماوە دژی "تەوەرەی ئێرانی" ئەنجامی بدەن.
رۆژی سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، نەتەنیاهوو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵ 14ی ئیسرائیلی، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا شەڕی وڵاتەکەی دژی ئێران، حەماس و حیزبوڵڵا کۆتایی هاتووە یان تێیدا سەرکەوتووە، گوتی: "سەرکەوتنی گەورەمان لەو بەرانەدا بەدەستهێناوە، بەڵام شەڕ هەرگیز کۆتایی نایەت. ئەگەر بتەوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەم جیهانەدا بژیت، دەبێت زۆر بەهێز بیت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە سوپای وڵاتەکەی هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیلی کەمکردوونەتەوە و گوتی: "ئیسرائیل لە هەموو کاتێک بەهێزترە. ئێمە ئەو هەڕەشانەمان لاواز کردووە، بەڵام هێشتا کارمان ماوە... پێویستە مامەڵە لەگەڵ پاشماوەکانی تەوەرەی ئێرانی بکەین و دەرفەتەکانی رێککەوتنی ئاشتی بقۆزینەوە."
ئەم قسانەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، شەڕ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنانی بەردەوامە، هاوکات ئاماژە بە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی نوێ لەگەڵ لوبنان دەکرێت کە ئامانج لێی کشانەوەی پلەبەندیی هێزەکانی ئیسرائیل و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە لە داهاتوودا.
سەبارەت بەوەی چاوەڕوان دەکرێ لەگەڵ کام وڵات رێککەوتنی ئاشتی واژۆ بکەن و ئایا سعودیە یەکێکە لەوان، نەتەنیاهوو نەیویست ناوی هیچ وڵاتێک بهێنێت و گوتی: "ناوی هیچ وڵاتێک ناهێنم، چونکە دەمەوێ ئەنجامەکەی ببینن. لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ لوبنان هەیە کە کەس پێشبینی نەدەکرد، پەیوەندیشمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەیە."
نەتەنیاهوو لە کۆتایی قسەکانیدا بنەمایەکی سیاسیی حکومەتەکەی دووپاتکردەوە و گوتی: "کاتێک تۆ بەهێز بیت، خەڵک هاوپەیمانیت لەگەڵ دەبەستن و ئاشتیشت لەگەڵ دەکەن."



.jpg&w=3840&q=75)