رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران دەڵێت، دەبێت سنوور بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دابنێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تەنگەی هورمز گەورەترین ئامرازی هێزی ئەوانە.
رۆژی سێشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2026، محەممەدباقر قالیباف لەکاتی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیی وڵاتەکەیدا رایگەیاند: "کاتێک گەمارۆ دەریاییەکەی سەرمان هەڵگیرا، دووژمن پاشەکشەی کرد و رێگەی جووڵە بۆ کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەریای عومان و تەنگەی هورمز کرایەوە."
قالیباف گوتی: "لەو رۆژەوەی گەمارۆکە هەڵگیراوە، زیاتر لە 40 ملیۆن بەرمیل نەوتمان هەناردە کردووە."
قالیباف رایگەیاند: "گەمارۆی دەریایی پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤ و ئاگربەست بوو؛" ئاماژەی بەوەشکرد: "نابێت تەنگەی هورمز دژی خۆمان بەکاربهێنین. تەنگەی هورمز ئەو کارتە بەهادارەیە کە رۆژ دوای رۆژ جووڵە تێیدا زیاتر دەبێت."
قالیباف گوتیشی: "تەنگەی هورمز گەورەترین ئامرازی هێزی ئێمەیە، دەبێت بە دروستی پاسەوانی لێ بکەین. دەبێت سنوور بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دابنێین."
سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران باسی بۆردوومانەکانی چەند رۆژی رابردووی پارێزگای هورمزگانی وڵاتەکەیشی لەلایەن ئەمریکاوە کرد: "ئەو رووداوانەی ئەم شەوانە لە کەنداوی فارس روودەدەن، بە پێشێلکردنی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ دایدەنێین و بە دڵنیاییەوە کاردانەوەمان دەبێت و لە دوایین پێشێلکاریی ئاگربەستیشدا بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن و کوێت کرانە ئامانج. ئەگەر نەیانەوێ پابەندی بەڵێنەکانیان بن، ئەوا ئامادەی جەنگین."
بەرەی موقاومە و توانای بەرگریی ئێران
قالیباف بە ئاماژەدان بە هێزە نزیکەکانی ئێران لە ناوچەکەدا رایگەیاند: "ئێمە سەبارەت بە پرسی بەرەی موقاوەمە لەگەڵ هیچ کەسێکدا دانوستاندن ناکەین. ئەو کەسانەی بۆ رووخاندنی ئێمە هاتبوون، نەیاندەویست دان بە بەرەی موقاوەمەدا بنێن، بەڵام ئەمڕۆ ئەمریکا گەرەنتی کردووە کە بەرەی موقاوەمە لە لوبنان دەمێنێت."
سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری ئێران گوتی:"یەکێک لە شانازییەکانی ئێمە ئەوەیە کە توانای هێرش و توانای مووشەکیی ئێمە بە هیچ شێوەیەک جێگەی دانوستاندن نییە. گەلی ئێمە، ئەو گەلەی لە مەیداندایە، وەستاوە و بەردەوامە لە خۆڕاگری."
قالیباف سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی رایگەیاند:"ئێمە ئەندامی رێکخراوی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمین و هاوکاریمان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هەیە. هێڵی سووری ئێمە لەم بوارەدا روون و دیارە. پیتاندنی یۆرانیۆم مافی ئێمەیە".
قالیباف گوتیشی:"هیوادارین لایەنی بەرامبەرمان بە ژیرانە کارەکان بباتە پێش. ئەمریکییەکان زۆردار و خۆبەزلزانن و سەرنجی ئەوان لای هێزە. لەو شوێنانەی هەڵوێستی ئەوان هێز بێت، ئێمەش بە هێز وەڵامیان دەدەینەوە، تەنانەت لەو کاتانەیش کە رێککەوتننامە لەنێوانماندا هەیە."
پارەی سڕکراوی ئێران
قالیباف رایگەیاند: "بەپێی ئەو یاداشتنامەیەی هەیە، لە کۆی 24 ملیار دۆلاری پارەمان لە وڵاتە جیاوازەکان، بڕیار وایە 12 ملیار دۆلاری بخرێتە بەردەستی بانکی ناوەندی تاوەکو هەر کاڵایەک کە پێویستی بێت، بە هەر نرخێک و بە هەر دراوێک لە جیهاندا بیکڕێ. ئەم کارە دەکرێ و پرۆسەکە لە جێبەجێکردندایە."
قالیباف رایگەیاند:"ئێستا دانوستانمان لەگەڵ ئەمریکا کۆتایی هاتووە و 14 خاڵ پەسند کراون. تاوەکو پێنج خاڵی یەکەم جێبەجێ نەکرێن، ناچینە سەر بابەتەکانی دیکە."




.jpg&w=3840&q=75)